توركيا, عێراق

نوعمان کورتوڵموش لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت کۆبووەوە

Gazi Nogay, Ömer Aşur Çuhadar  | 18.04.2024 - نوێکردنەوە : 20.04.2024
نوعمان کورتوڵموش لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت کۆبووەوە

TBMM

ئەنقەرە ــ AA

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش لە ئەنقەرە پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی و شاندی یاوەری کردووە.

بەپێی ئەوە زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، نوعمان کورتوڵموش و موحسن مەندەلاوی بەر لەوەی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی شاندەکانی ھەردوو وڵات بکەن لە بارەگای پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، ستایشی ئەو پەیوەندییە بەھێزەی کردووە کە چەندین سەدەیە لە نێوان گەلانی ھەردوو وڵاتی دراوسێ و برادا ھەیە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە زەمینەسازییەکی گرنگ ھەیە بۆ پەرەپێدان بە ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، ڕۆشنبیری، گەشتوگوزار و فێرکردن.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش ڕاشیگەیاندووە: "ئەو سەردانەی کە ھەفتەی داھاتوو سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق ئەنجامی دەدات، دەبێتە مایەی خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بۆ ھەردوو وڵات".

ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمانی ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکە کردووە لە ڕووی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ھەردوو وڵات سەبارەت بە پڕۆژە ھاوبەشەکان بە مەبەستی پەرەپێدان بە ھاریکاریی دوولایەنە و واژووکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتننامەی نوێ.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی خواستی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی ستراتیژی و دۆستایەتی لەگەڵ تورکیا.

جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق لە ھەموو بوارەکاندا ئامادەیە، ھاریکاری لەگەڵ تورکیادا ھەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری و سیاسی.

موحسن مەندەلاوی ئاماژەی بەوەشدا کە لە ڕێگای ھاریکارییەکانەوە، دەتواندرێت ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی لە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان".

گوتیشی: "ئاسایشی تورکیا، مانای ئاسایش و سەقامگیری عێراقە".

جەختیشی کردەوە کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، سەردانێکی گرنگە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın