Ali Cevahir Aktürk
28 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە ئاکامی تەقینەوەیەکدا لە ناو بینایەکدا لە ناوچەی باهچەلیئێڤلەر کە پێدەچێت هۆکارەکەی قەتیسبوونی غاز بێت، کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
بیناکە کە دەکەوێتە سەر شەقامی کازم کارابەکر لە گەرەکی شیرینئێڤلەر، بە هۆکارێک کە هێشتا ديار نییە، تەقینەوە لە پێنجەم نهۆمییدا ڕوویداوە.
دوا بە دوای تەقینەوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستیی و پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان شەقامەکەیان بەڕووی هاتوچۆدا داخستووە، تیمەکانی شارەوانی و ئافاد لە ناو بیناکە دەستیان بە کار کردووە.
بەهۆی تەقینەوەکەوە زیان بەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوت و جامی ژمارەیەک بینای ناوچەکە شکا.
سەبارەت بە تەقینەوەکە، پارێزگای ئیستانبوڵ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی بڵاویکردەوە: "بەپێی ئامارە بەراییەکان، لەو تەقینەوەیەی لە ناو بینایەکدا لە گەرەکی شیرینئێڤلەر ڕوویدا و پێدەچێت هۆکارەکەی قەتیسبوونی غاز بێت، کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە برینی دووانیان سەختە".