Yıldız Nevin Gündoğmuş
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتى تەندروستیى توركيا بڵاویكردهوه، له ماوهی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣١٣ كهسی دیكه تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون، ٢٠ كهسیش گیانیان لهدهستداوه، كۆی گشتیی حاڵهتهكانی تووشبوون گەیشتە ٢٦٢ ههزار و ٥٠٧ حاڵهت و كۆی گشتیی گیانلهدهستدان بۆ شەش ههزار و ١٨٣ کەس بهرزبووهتهوه.
وەزيرى تەندروستیى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە هەژمارى تايبەتى خۆى لە تويتەر، "نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا"ی بڵاوكردهوه كە دوايين ئامارەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا له توركیا لەخۆدهگرێت.
بەپێی نەخشەكە، ئەمڕۆ ١٠٠ هەزار و ١٠٩ پشكنينى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئەنجامدراوە. دەرەنجام، هەزار و ٣١٣ حاڵەتى نوێى تووشبوون بە ڤايرۆسى كۆرۆنا تۆماركراوە.
هەر بەپێی نەخشەکە، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٢٠ تووشبوو گيانيان لەدەستداوە و هەزار و دوو نەخۆش چاكبوونەتەوە و كۆى گشتيى ئەو تووشبووانەى كە چارەسەريان تەواو بووە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە بۆ ٢٣٩ هەزار و ٧٩٧ بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكان، كۆى گشتيى، شەش مليۆن و ٦٢١ هەزار و ٧٤٩ پشكنينى (COVID-19) ئەنجامدراون، كۆى گشتیی حاڵەتەكانى تووشبوون گەيشتووەتە ٢٦٢ هەزار و ٥٠٧ حاڵهت و گيانلەدەستدانيش گەيشتووەتە شەش هەزار و ١٨٣ حاڵهت.
ژمارەى ئەو نەخۆشانەى كە دۆخى تەندروستييان ناجێگيرە ٨٤١ نەخۆشن و رێژەى هەوركردنى سييەكان لاى نەخۆشەكان لەسەدا ٧,٤ـە.
- "ئەگەر لەگەڵ رێكارەكان ئاگاداربينەوە سەركەوتوو دەبين"
وەزيرى تەندروستیى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە هەژمارى تايبەتى خۆى لە تويتەر لە روونكردنەوەيەكيدا دەربارەى دوايين ئامارەكان، رايگەياند: "ئەمڕۆ زياتر لە ١٠٠ هەزار پشكنينمان ئەنجامدا. لە ئەنجامى ئەم پشكنينانەدا هەزار و ٣١٣ نەخۆشمان هەيە. لە چەند پارێزگايەكمان ناچاربووين رێكارى تايبەت بگرينە بەر. ئەگەر لەگەڵ رێكارەكان ئاگاداربينەوە سەركەوتوو دەبين. ئهوهی لە كۆتاييدا دهدۆڕێت ڤایرۆسهكهیه".