Ali Kemal Akan
05 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە- AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن دەربارەی کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە میانەی لوتکەی G20دا رایگەیاند: "هەردوو سەرۆک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەیەکی ستراتیجیی راستدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکا، رێکبخرێن. هەروەها لەسەر ئەوە رێککەوتن کە میکانیزمێک دروست بکرێت کە رەنگدانەوەی لەسەر پرسە هەرێمییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەبێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش فەرمان بە ئێمە دراوە بەزووترین کات وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان ئەم میکانیزمە دروست دەکات".
ئیبراهیم کاڵن بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ی زانکۆی موزیک و هونەری ئەنقەرە کرد و دوای رێوڕەسمەکەش لێدوانی بۆ رۆژنامهوانان دا.
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە سیستمی بەرگریی "S-400" لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک جێگیر کراوە، کاڵن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوێنێ وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆ خستووەتەوە، گوتیشی: "ئەم پڕوپاگەندانە راست نین. بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ناوبەناو لەڕێی ئەم چەواشەکاری و هەواڵە ناڕاستانەوە تورکیا بگەڕێندرێتەوە بۆ دواوە. وا باشە کە هەمووان ئاگاداری ئەم هەوڵانە بن".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا باسی لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و بایدن کرد و رایگەیاند: "هەردوو سەرۆک، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەیەکی ستراتیجیی راستدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکا، رێکبخرێن. هەروەها لەسەر ئەوە رێککەوتن کە میکانیزمێک دروست بکرێت کە رەنگدانەوەی لەسەر پرسە هەرێمییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەبێت".
ئاشکرایشی کرد کە فەرمانیان پێدراوە بۆ دروستکردنی ئەم میکانیزمە و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا میکانیزمەکە دروست دەکات.
ئیبراهیم کاڵن دەربارەی پرسی وەرگرتنی فڕۆکەی F-16 گوتی: "هەوڵەکانی تایبەت بە بەهاوچەرخکردن و وەرگرتنی فڕۆکەی F-16 بەردەوامن. شاندی تایبەت بە بواری تەکنیکی لەو بارەیەوە دەستیان بە هاتوچۆ کردووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا".
لهبارهی گرنگی تورکیا لە پرسە هەرێمی و جیهانییەکاندا كاڵن رایگەیاند: "لە ئێستادا چوار بۆ پێنج بابەتی جیۆپۆلەتیکی هەن کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیستمی هەموو جیهان دروست دەکەن، لە نێو هەموو ئەم بابەتانەشدا تورکیا هەیە و بەبێ تورکیا ناتواندرێت هیچ کام لەم پرسانەدا چارەسەر بکرێن".