İsmihan Özgüven,Sezgin Pancar,Bekir Ömer Fansa
27 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2022
مێرسین - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر خانەی پۆلیس لە مێرسین پۆلیسێک گیانی لەدەستداوە و پۆلیسێکی دیکەش بریندار بووە.
دوای هێرشەکە، وەزیری ناوخۆی تورکیا خانەی پۆلیسی قەزای مەزیتلی لە مێرسین بەسەر کردەوە، زانیاری لە بەرپرسان وەرگرت و لەبارەی پەلامارەکە بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
سۆیڵو باسی لەوە کرد کە دەوروبەری کاتژمێر ٢٢:٤٢، هێرش کراوەتە سەر ئەو خانەی پۆلیسەی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک بەرلە ئێستا کراوەتەوە، گوتیشی: ''خێرا پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاکەمانەوە و زانیاریمان وەرگرت لەبارەی چۆنیەتی دروستبوونی رووداوەکە. دوو ژنە تیرۆریست بە جانتاکانیانەوە کە وا دەبینرێت بەشێوەیەک پێشتر دیاریان کردووە، هێرش دەکەنە سەر شوێنی ئێشکگری پۆلیسەکان و تەقەی لێ دەکەن و لەوێدا شەڕ و پێکدادان دروست دەبێت. لە کاتێکدا پێکدادانەکە بەردەوامە، چوار هاوڕێی پاسەوانمان لەو نزیکانە بە ئۆتۆمبێل خۆیان دەگەیەننە شوێنەکە. دوو ژنە تیرۆریستەکە لە میانی پێکدادانەکەدا بریندار دەبن. لەو کاتەدا کە پێکدادانەکە بەردەوامە دەنگی دوو تەقینەوە دێت. تەقینەوەکانیش جانتاکانی پشتیان بووە، کاتێ برینداربوون و زانیویانە دەربازیان نابێت خۆیان تەقاندووەتەوە. بەو هۆیەوە کارمەندێکی پۆلیسمان بە سەختی برینداربووە، دانەیەکی دیکەش بریندار بووە، بەڵام بەهێندەی ئەو پۆلیسەی ترمان برینەکەی سەخت نییە. ئەو کارمەندی پۆلیسەمان کە بە سەختی بریندار بووە براوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە داخەوە نەتوانرا گیانی رزگاربکرێت و شەهید بوو''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە پێکدادانەکەدا، ژنێکی مەدەنی کە لە باڵکۆنی ماڵی خۆیدا بووە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بریندار بووە، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و هیچ مەترسی لەسەر ژیانی نییە.
سۆیڵو داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ ئەو کارمەندی پۆلیسە کرد کە لە پەلامارەکەدا گیانی لەدەستداوە و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەکەی کرد و شیفای بەپەلەشی بۆ بریندارەکان خواست.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە خاڵێک ئاشکرایە، وا هەڵیدەسەنگێنن کە هەردووکیان گوندەوارن. رێکخراوە تیرۆریستییەکەش دیارە کە کام رێکخراوی تیرۆریستییە و گوتی: ''پەکەکەیە هاوڕێیان، خۆ باسم کرد. کە گوتم گوندەوار واتە پەکەکە''.