Şükrü Gündüz,Hemın Othman Mohammed
29 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
دیاربه‌كر - AA
سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی دیاربه‌كر، گوڵتان كشاناك و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی دیاربه‌كر له‌سه‌ر لیستی ده‌به‌په، فرات ئانڵی هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په، سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر یه‌ك هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیمان هه‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی كه پێویسته بۆ خزمه‌تکردنی خه‌ڵك خه‌رج بكرێت به فیڕۆ بدات و، به دزی، تاڵان و به‌رتیل پاره كۆبكاته‌وه، ئه‌وا هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌سزای ده‌گه‌یه‌نین".
له گوتارێكیدا كه به‌یاوه‌ری بریكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی له په‌رله‌مانی توركیا، ئیدریس باڵوكهن و ژمارەیەک له په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په له به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی ده‌به‌په له شارۆچكه‌ی یه‌نیشه‌هر پێشكه‌شی كرد، ده‌میرتاش ره‌خنه‌ی له ده‌ستگیركردنی كشاناك و ئانڵی، گرت.
ده‌میرتاش باسی له‌وه كرد كه پارته‌كان كه‌موكوڕییان هه‌یه له خزمه‌تکردنی شاره‌وانیدا و، گوتی: "ئایا شارهوانییهتییهكی ته‌واو و بێ كه‌موكوڕیمان كردووه، نه‌خێر. كه‌موكوڕی و هه‌ڵه‌مان هه‌بووه. به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری خۆجێییهكانمان سه‌ره‌ڕای سه‌ختییه‌كانی، هه‌وڵ ده‌دات نوێنه‌رایه‌تی ئیراده‌ی خه‌ڵك بكات".
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په، سەڵاحەددین ده‌میرتاش باسی له‌وه كرد ئه‌و بانگه‌شانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن گوایه بوودجه‌ی شاره‌وانیی چووه بۆ په‌كه‌كه راست نین و، گوتی: "ده‌یانجار گوتوومانه ئه‌گه‌ر ئه‌وه بسه‌لمێنن ئه‌وا داوای لێبووردن له هه‌موو توركیا ده‌كه‌ین و واز له سیاسه‌ت ده‌هێنین. ده‌ست له شاره‌وانیی و په‌رله‌مانتاری ده‌كشێنینه‌وه. له بوودجه‌ی شاره‌وانی، پاره ناچێت بۆ شاخ و، ئێره و، ئه‌وێ، ناتوانرێت بچێت. ئه‌گه‌ر یه‌ك هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیمان هه‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی كه پێویسته بۆ خزمه‌تکردنی خه‌ڵك خه‌رج بكرێت به فیڕۆ بدات و، به دزی، تاڵان و به‌رتیل پاره كۆبكاته‌وه، ئه‌وا هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌سزای ده‌گه‌یه‌نین. بێ شهرهفییهكی له‌و شێوه‌یه قبووڵ ناكه‌ین".