Sarp Özer
27 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار داوای لە یۆنان کرد لە ھەوڵی چارەسەری ئاشتییانەدا بێت نەوەک شەڕەنگێزیی و ھاوکار بێت بۆ ئەو ھەوڵانەی تورکیا نیشانی دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
خولوسی ئاکار و شاندی یاوەری کە پێکھاتبوون لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەراڵ یەشار گولەر و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانی جەنەراڵ ئومیت دوندار لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی سوپای دووەم، سەردانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کارمەندانی ناوەندەکە ئەنجامدا.
وەزیری بەرگریی تورکیا لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە کڕینی ١٨ فڕۆکەی جەنگیی فەڕەنسی لە جۆری رافاڵ لەلایەن یۆنان و لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی یۆنانی کرد.
خولوسى ئاکار ئەوەی خستەڕوو کە پێداگرانە بەردەوام دەبن لە بەجێگەیاندنی ئەوەی بکەوێتە سەر شانیان بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەکانیان لە ئیجە، دەریای ناوەڕاست و قوبرس و گوتى: "ھەمیشە بە یۆنانی دراوسێمان دەڵێین کە لەگەڵ چارەسەری سياسییداين بۆ چارەسەرى کێشەکان بە رێگەی ئاشتی، ئارامی و دیالۆگ لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندا. بەڵام یۆنانی دراوسێمان وازی نەھێناوە لە لێدوانی شەڕەنگێزی و وازی لێ ناھێنێت".
وەزیری بەرگریی تورکیا جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا لەگەڵ یاسا، دیالۆگ و پەیوەندی باشی دراوسێتيدایە و گوتى: ''بە راستگۆیانە ئەوە دەڵێین. لەلایەک رێککەوتننامەی لۆزان ھەیە لەلایەکی دیکەوە رێککەوتننامەی پاریس. یۆنانی دراوسێمان ئەوانە وەلا دەنێت و لەبەرچاویان ناگرێت. ناکرێت ئەوانە قبوڵ بکەین. کۆمەڵە دوورگەیەک ھەن کە بە رێککەوتن پێگەی نا سەربازیان ھەیە. لایەنەکان ئەو رێککەوتنانەیان کردووە و گوتویانە 'ئەو دوورگانە لە چەک داماڵدراون و ئەوانە لە پێگەی نا سەربازییدا دەبن'. لەوەدا رێککەوتووین. ئێستا ئەوانە پڕچەک دەکرێن. دەڵێن 'ھەڕەشە و مەترسیی ھەیە'".
خولوسی ئاکار گوتیشی: "ھەرگیز ھەڕەشە جێگەی باس نییە. لەئێستادا تورکیا دژبە یۆنان ھەڵوێستی شەڕەنگێزی نەبووە. ئێمە دەڵێین رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، یاسا، رێککەوتنەکان، بەڵام لە ھەموو جارێکدا بە لێدوانی شەڕەنگێزانە روو لەو ھەڵوێستە ئاشتییانەمان وەردەگێڕن''.