Hakan Çopur
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئهمریكا، نێد پرايس، ئاشكرایكرد پێشوازیی لە دەستپێكردنەوەى كۆبوونەوەكانى بەدواداچوون لە نێوان توركيا و يۆنان دهكهن.
نێد پرایس، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕی كۆمهڵایهتی تويتەر پەيامێكى لهبارهی كۆبوونەوەكانى نێوان توركيا و يۆنان بڵاوكردەوە.
لە تويتەكەى پرايس-دا هاتووە:
"ئەمريكا پێشوازیی لە كۆبوونەوەكانى بەدواداچوون له نێوان توركيا و يۆنان، كە ئەمڕۆ لە ئيستانبوڵ دووبارە دەستيپێكردەوە و پابەندبوونى هەردوو حكوومەت بە پێواژووهكەوە، دەكات. پشتیوانیی له سەرجەم ئەو هەوڵانە دەدەين كە گرژييەكانى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست كەمدەكاتەوە".
ئهمڕۆ ٦١ههمین گهڕی کۆبوونەوەکانی بەدواداچوون لە نێوان تورکیا و یۆنان کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو کۆتاییهات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە بەدەستھاتوون، لەو کۆبوونەوانەی کە لە كۆشكی دۆڵمەباخچە بەڕێوەچوو، ھەریەک لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سهدات ئۆناڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دووقۆڵی سیاسی- دەریایی- ئاسمانیی - سنوورهكان، چاغتای ئەرجییەس و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دەریایی- ئاسمانیی - سنوورهكان، بارش کاڵکاڤان نوێنەرایەتی تورکیایان دەکرد و ھەریەک لە باڵیۆزی خانەنیش پالڤۆس ئاپۆستۆڵیدیس، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ئالیکساندرۆس کویو، و بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ئیفیگێنیا کانارا نوێنەرایەتی یۆنانیان دەکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵسەنگاندن بۆ ئهو بابهتانهی له گەڕی ٦٠ههمینی کۆبوونەوەکان باسكرابوون، کرا و دۆخی ئێستا، دوایین پێشھاتەکان و ئەو ھەنگاوانەی کە دەتوانرێت بھاوێژرێن تاوتوێکرابوون.
لایەنەکان لە گەڕی ٦١ههمینی کۆبوونەوەکانی بەدواداچووندا، رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی گەڕی داھاتووی كۆبوونهوهكان لە ئەسینا بەڕێوەبچێت.