Dmitri Chirciu
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
مۆسکۆ - AA
لە میانی کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا ڤلادمێر پوتین، لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، رێکاری پێویست لەبەرامبەر ئەو سزایانەی کە ئەمریکا سەپاندوویەتییە سەر ئەو وڵاتەکە گیرايەبەر.
گوتەبێژی کۆشکی کرملین، دیمیتری پیسکۆڤ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە پوتین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا ئەنجامداوە.
پیسکۆڤ، ئاماژەی بەوەش کرد کە پوتین لە میانی کۆبوونەوەکەدا زانیاری لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە پێشتر لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەنجامیدا، بە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی داوە و گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا، رێکاری پێویست لەبەرامبەر ئەو سزایانەی کە ئەمریکا سەپاندوویەتییە سەر وڵاتەکەمان گیرايەبەر".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە تۆمەتی ھەبوونی پەیوەندییان بە ھەوڵی ھێرشی ئەلیکترۆنیی و دەستوەردان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ١٠ دیپلۆماتکاری رووسی دیپۆرتکردەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی ھەوڵی ھێرشی ئەلیکترۆنی و دەستوەردان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، زینجیرە سزایەکی بۆسەر ئابووری رووسیا ئاشکراکردبوو.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، رایگەیاند کە وەڵاتەکەیان وەڵامی بڕیاری ئەو سزایانەی کە ئەمریکا سەپاندوویەتییە سەریان دەداتەوە و گوتی "زۆر بە توندی بە ھەمان شێوە وەڵامی ئەو ھەڵوێستە شەرانگێزییانەی ئەمریکا دەدەینەوە".