Zana Natık Kerem
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو پەلامارەی کە کرایە سەر ئۆتۆمبیلێک لە پارێزگای ماردین باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا و لە ئاکامدا، چوار ھاووڵاتی عێراقی کوژران.
شەوی رابردوو لە ناوچەی یەنیکۆی رێگای ئارتوکڵو-نسێبین سەربە پارێزگای ماردین، لەلایەن ژمارەیەک کەسی نەناسراوەوە، ھێرشی چەکداریی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆکەی پارێزگای دھۆکە و لە ئاکامدا، چوار کەس کوژران و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
لەمبارەیەوە ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆنسولخانەی گشتیی عێراق لە عەنتاب، بەدواداچوون بۆ ئەو پەلامارە چەکدارییە دەکات کە لەسەر رێگای ئارتوکڵو-نسێبین سەربە پارێزگای ماردین کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێک و لە ئاکامدا، چوار ھاووڵاتی عێراقی کوژراون.