Halil İbrahim Sincar
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
ماردین - AA
لە پارێزگای ماردین لە ئاکامی پەلامارێکی چەکدارییدا بۆسەر ئۆتۆمبێلێک، چوار هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، گیانیان لەدەست دا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
لە ناوچەی یەنیکۆی رێگای ئارتوکڵو-نسێبین، لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکی نەناسراوەوە، هێرشی چەکداریی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆکەی پارێزگای دهۆکە.
دوا بە دوای رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس و تەندروستیی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە پەلامارەکەدا، سێ کەسی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەست دا کە بریتی بوون لە؛ هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (٣٩ ساڵ) و واحیدە حەیدەر جاسم (٦٣ ساڵ) و عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (٦٩ ساڵ)، دوو کەسی دیکەش بە ناوی چیمەن شاهین خالید (٧٥ ساڵ) و ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم (٤٥ ساڵ) برینداربوون.
تیمەکانی تەندروستیی بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی نسێبین و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان یەکێک لە بریندارەکان کە چیمەن شاهین خالید-ی (٧٥ ساڵ) بوو، گیانی لەدەست دا.
ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم کە برینداری پەلامارەکەیە و برینەکەی سەختە لە نەخۆشخانەی گشتیی میدیات دوای چارەسەری بەرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەتحی ساکین شاهیر لە ئەلعەزیز.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پارێزگای ماردین-ەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو رووداوە تراجیدیایە درێژەی هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر یەک لە م.ش. ، ف. ئا. ، ئا.ی. و ئا.ک. کە گومانلکێراوی رووداوەکەن بە فەرمانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی ماردین دەستگیرکراون. لێکۆڵینەوەی ورد سەبارەت بە رووداوەکە بەردەوامە''.