ئەنقەرە
شاری ماردین ھەر لە کۆنەوە بە ھونەر و کلتورە جیاوازەکان ناسراوە, دەستەی میوزیکیی ئایین و زمانە جیاوازەکان دەیەوێ بە دروستکردنی گرووپێکی ھونەریی میوزیکی، ئەو گیانە کلتورییە زیندوو بکاتەوە.
بڕیارە ئەو گرووپەی دەستەکە دروستی کردووە, گۆرانی و سرودەکانیان بە ھەر پێنج زمانی تورکی, عەرەبی, کوردی, سریانی و ئەرمەنی لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیادا بڵێنەوە, بەمەش کلتورە تێکەڵ و جوانەکەی ماردین پیشانی ھەمووان دەدەن.
بەڕێوەبەری دەستە میوزیکییەکە (سێچکین ماتاراجی) بە ئەنادۆڵوی گوت "ئامانجی ئێمە لە دروستکردنی ئەم گرووپە, بانگەشەیە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی وڵات و شاری ماردین بەتایبەت, بەڵام بە داخەوەین زۆربەی کلتوورە تایبەتەکانی ئەم شارە دزراون و خەڵک بە ھونەری شارەکانی ئورفە و دیاربەکریان دەزانێ, ئێمە ھەولڕ دەدەین ھونەرەکانی خۆمان زیندوو بکەینەوە و بە دەنگ و زمانە ڕەسەنەکانی خۆیان بیڵێینەوە."
مامۆستایەکی ئاینی کە ئەندامی گرووپەکەیە گوتی "بە مەبەستی زەقکردنەوەی برایەتی نێوان کورد و عەرەب و تورک سرودی ئاینی ھاوبەش بەو زمانانە دەڵێینەوە."
ئەندامێکی تری سریانیی گرووپەکە گوتی "لەم رێگەیەوە ئێمەش دەتوانین کلتوری خۆمان بە ھەمووان بناسێنین."
یەکێکی تر لە ئەندامان گوتی "جیاوازی نەتەوە و ئاین لە دەوڵەمەندییەکانی شاری ماردینە, ئێمە ھەولڕ دەدەین جوانترین نموونەی پێکەوەژیان پیشانی ھەمووان بدەین."
ھەروەھا جلوبەرگی گرووپەکە گوزارشت لە کلتوری ھەر میللەتە و ئاینەکەیان دەکات, بۆ نموونە وێنەی ئەستێرە و مانگ و باڵندەی تاوس و ڕەنگە باوەکانی کوردان (سور و زەرد و سەوز) لە پۆشاکی ئەندامان و دیزاینی گرووپەکەدا دەردەکەون.