ئەنقەرە
ئەوانەی رۆژانە ژمارەیەکی زۆر کورتەنامەیان بۆ دێت و دەنێرن رووبەڕووی کێشەی بێخەوی دەبنەوە.
دکتۆر کارلا موردوک مامۆستا لە زانکۆی Washington and Lee لە ئەمریکا داوای لە قوتابیانی قۆناغی یەکەمی زانکۆکە کرد وەڵامی پرسیرەکانی ئەو راپرسییە بدەنەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی بەکارھێنانی کورتەنامە لەسەر باری دەرونی و خەوتنیان.
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوت، ئەوانەی رۆژانە دەیان کورتەنامەیان بۆ دێت و دەنێرن زیاتر رووبەڕووی کێشەی بێخەوی دەبنەوە.
موردوک ھێمای بۆ ئەوە کرد، ئەوانەی کورتەنامەیان بۆ دێت، ھەرچەندە کاتەکە درەنگیش بێت ھەست دەکەن ناچارن وەڵامی کورتەنامەکە بدەنەوە.
ژمارەیەک لە بەشدارانی راپرسییەکە ئاماژەیان دا، شەو بە مۆبایلەکانیانەوە دەخەون و درەنگانی شەو بەخەبەردێن و وەڵامی کورتەنامەکانیان دەدەنەوە.
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکا، ئەوانەی ژمارەیەکی زۆر کورتەنامە بەکاردەھێنن، کار لە پەیوەندی ھاوڕێییەتییان دەکا.
موردوک دەڵێ، ئەو کەسانەی ژمارەیەکی زۆر کورتەنامە بەکار دێنن، ناتوانن لە رێگەی دەقی کورتەنامەکانەوە ھەستی خۆیان دەرببڕن. کورتکردنەوەی پەیامەکان لە SMS رێگرە لەبەردەم ئاماژەدان بە ئاڵۆزیی ھەستی کەسەکە، ھەروەھا ئەو کورتەنامانەی لە کاتی ھەڵچووندا دەنووسرێن، دەبنەھۆی بەھەڵە لەیەکتر گەیشتن.