Fakhradin Ibrahim Mohammad
08 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
ڕۆژی چوارشەممە، سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان سەردانی عێراق دەکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئێرنا بڵاویکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە، سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان بە یاوەری شاندێکی باڵای وڵاتەکەی و لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیران سوودانی، سەردانی عێراق دەکات.
بە پێی ئەم هەواڵە، گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی دوو لایەن، هاوکاری و هەماهەنگییەکان و ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، تەوەری سەرەکی دیداری سەرکۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای عێراق دەبێت.
لەم بارەوە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، محەمەد کازم ئالسادق ڕایگەیاندووە، "بەشێک لەو ڕێککەوتنانەی کە بڕیار بوو سەرکۆماری پێشووی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق واژوویان بکات، لە لایەن سەرکۆمار پزیشکیان واژوو دەکرێت".
بڕیاربوو، سەرکۆماری پێشووی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق هاوکات سەردانی هەولێریش بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئێرانەوە زانیاری لەمبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.