Muhammet Ali Kemal
21 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2017
رەجەب تەیب ئەردۆغان کە دوای سێ ساڵ بوویەوە بە سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رایگەیاند ''ئێستاش دوای ٩٩٨ رۆژ، دیسان لە هەمان هۆڵدا، بە گوتنی 'گەیشتبووینە کوێ'، دووبارە یەکدەگرینەوە. کاتێک بووینە بەربژێری سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەمان بەوەدا کە کە ئەمە خاتیمە نییە بەڵکو فاتیحە و سەرەتایەکی نوێیە. ئەمڕۆ جارێکی دیکەی بیسمیلا دەکەینەوە و فاتیحەکەمان دەخوێنین و لە پێناو ئامانجی گەورەتر و کاری زۆرتردا دەستپێکێکی نوێ دەست پێ دەکەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆنگرەی سێیەمی نائاسایی ئاک پارتیدا، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە بەر لە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٧ی ئابی ٢٠١٤دا، هەر لەم هۆڵەدا، بە گوتنی 'هەموو کۆتاییەک سەرەتایەکی نوێیە'، دوای گەردن ئازادیی لە یەکتر جیاببوونەتەوە و رایگەیاند:
''ئەمە تەنها جیابوونەوەیەکی یاسایی بوو. دڵەکانمان هەرگیز لە یەکتر جیانەبوونەوە. خۆشی و ناخۆشیمان پێکەوە بوون. ئێستاش دوای ٩٩٨ رۆژ، دیسان لە هەمان هۆڵدا، بە گوتنی 'گەیشتبووینە کوێ'، دووبارە یەکدەگرینەوە. کاتێک بووینە بەربژێری سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەمان بەوەدا کە کە ئەمە خاتیمە نییە بەڵکو فاتیحە و سەرەتایەکی نوێیە. ئەمڕۆ جارێکی دیکەی بیسمیلا دەکەینەوە و فاتیحەکەمان دەخوێنین و لە پێناو ئامانجی گەورەتر و کاری زۆرتردا دەستپێکێکی نوێ دەست پێ دەکەین''.
گوتیشی: ''لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا، رۆژەڤ، کاری لە پێشینە، کێشەکان و چاوەڕوانییەکانی تورکیا، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەو تاکە شتەی کە نەگۆڕاوە ئەو راستییەیە کە ئاک پارتی تاکە پارتە کە دەتوانێت دەستبەسەری هەموو ئەوانە بکات. ئاک پارتی گرەنتیکاری دیموکراسی و گۆڕانە. ئاک پارتی ناونیشانی ریفۆرمە''.
ئەردۆغان رایگەیاند: "سبەی لەبەردەم گەلەکەمان ملمان شۆڕە. ئەگەر لە شەرمان بێت ئەمڕۆ لە بەرامبەر دزێوەکانی ناوخۆ و دەرەوە قیت دەوەستن، چارەنووسمان چی بێت بەوە رازی دەبین".
وێرای جەخت کردنەوەی لەسەر ئەوەی کە پاراستنی مافی ستەملێکراو و مافخوراو ئەرکیانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئەوە بەو مانایە نایەت کە خۆمان رادەستی فێڵ و تەڵەکەی ئەو کەسانە بکەین کە ستەمکارن و چوونەتە ناو بەرگی ستەملێکراوەوە. ئەو دەمامکەی بە دەموچاوی ئەو کەسانەوە بوو کە ماوەی چەندین سالە لە رێگەی توقیە، درۆ و فرت و فێڵ و بوختانەوە بە خراپ سوودیان لە هەستە پاک و بێگەردەکانی گەلەکەمان بینی، کەوتووەتە خوارەوە''.
دواتر گوتی: ''لەم ساتەوە، ئەوەی کە خێری بۆ نیشتمانەکەم، گەلەکەم، ئوممەتەکەمان و مرۆڤایەتی تێدا نەبێت، لە لای ئێمە بوونی نییە و نابێت. لێرەوە رووی دەمم دەکەمە گەلەکەم و دەڵێم، ئەگەر بێت و گوێتان لە هەر گوتەیەک، یان کردەوەیەک، یان هەڵسوکەوت و هەڵوێستێکی ئەم برا بچووکەتان، رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو کە بەخێری نیشتمان و گەل نەبوو، ئەوا هەموو ئەو شتانەی تا ئەمڕۆ کردوویەتی، وەلای بنێن و چی پێویستە ئەوە بکەن. ئەگەر تەیب ئەردۆغان کەوتە ناو هەڵەیەکی لەوجۆرەوە، ئەوا گەردنتان ئازاکراوە لەوەی دەیکەن''.
راشیگەیاند: "ئەگەر وەکو ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ نەهێڵن بچمە پەرلەمان، وەکو ٢٠٠٨ هەوڵدەن پارتەکەمان دابخەن، وەک ساڵی ٢٠١٣ گەڕەکەکان ژێراوژوور بکەن، ئەگەر وەک ١٥ی تەمووز کودەتا بکەن و گیانمان بکەنە ئامانج، چییان پێ دەکرێت بیکەن ئێمە لەو رێگەیە ناگەڕێینەوە".
ئەردۆغان ئاشکرای کرد لەم ماوەیەی دواییدا رێکخراوی تیرۆریستی گورزێکی گرانی بەرکەوتووە و رۆژانێکی زۆر قورستر چاوەڕێیانە و، گوتی: ''تورکیا هەنگاوێکی دڵنیاکەرەوە دەنێت لە رێگەی رزگار بوون لە پڕوپاگەندەی تیرۆری جوداخواز. ئەو ناپاکیەی لە تورکیا پێیان نەکرا، ئێستا لە وڵاتانی دراوسێ بە نیازن ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەو خواستەیان لە قورگیاندا دەگیرێت".
راشیگەیاند: "تورکیا و گەلی تورکیا بەرگەی هەوڵی ناپاکییەکی دیکەی ئەو رێکخراوە ناگرێت. ئەگەر ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بە شێوەیەکی کاریگەر بەردەوام نەبێت، وڵاتەکەمان دووچاری مەترسی زۆر گەورەتر دەبێتەوە. لەبەر ئەمە داوا لە هەموو کەس دەکەم پشتیوانی ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بکەن ئەگەر کاریگەری بکاتە سەر نزیکترین کەسەکانیشتان. رێگە نادەین بە بەلاڕێدابردنی بەرەنگاربوونەوەکە بە بەڕێوەبردنی مامەڵەی چەپەڵ بە نێوبژیوانی پارێزەران. مەرجە بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ شایستەی گیانفیدایی گەلەکەمان بێت و بە رێبازی ئاسوودەبوونی ویژدان بەردەوام بێت".
سەرکۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەو لەگەڵ هیچ یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، هەر لە فەتۆوە تا پەکەکە و داعش، کێشەی شەخسیم نییە و گوتی: ''بەڵکو کێشەی مانەوە، داهاتوو و سەربەخۆیی تورکیا و گەلەکەمان هەیە لە گەڵیاندا. لەبەر ئەوەش کە بابەتێکی شەخسی بوونی نییە، ناکرێت من هیچ کەسێک ببەخشم یان سزای بدەم. هەرچییەکمان کردبێت، بۆ نیشتمان و گەلەکەمان کردوومانە. پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کە تورکیا هەموو ئەو ئاستەنگانەی هاتووەتە رێگەی، سازشی لەسەر سەروەریی یاسا نەکردووە و وڵاتێک نییە کە هەنگاوی بۆ دواوە هاویشتبێت. لەبەر ئەوە چەند ناپاک دەبن با ببن، چەند ئاستی خۆیان دادەبەزێنن با دایبەزێنن، ئێمە هەموو خەبات و بەرەنگاریی خۆمان لەچوارچێوەی یاسادا ئەنجامداوە و ئەنجامی دەدەین''.
لەبارەی هەڵگرتنی باری نائاساییشەوە گوتی: "لە وڵاتی مندا هەوڵی رووخاندنی دەوڵەت دەدرێت، ئێمە ٢٤٩ شەهید دەدەین، دوو هەزار و ١٩٣ بریندار هەن. ئێوە بە چی روویەکەوە داوای هەڵگرتنی باری نائاسایی دەکەن. هەڵناگیرێت. تا کەی؟ تا ئەو کاتەی خۆشگوزەرانی باڵی بەسەردا دەکێشێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ئیتر هیچ ناچار نین کە بەرگەی دووڕوویی و هەژمارنەکردنی میللەتەکەمان لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بگرین. یەکێتی ئەورووپا یان ئەو بەڵێنەی کە پێیداوین دەیباتە سەر، ئەو یارمەتیانە دەنێرێت کە لەبارەی پەنابەرەوە بەڵێنی دابوو، یان هەر لایەنە و ئەوەی دەیزانێت دەیکات. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئەمانە، درێژە بدەین بە رێگەمان لە یەکێتی ئەورووپا. ئەوەی بڕیار دەدات لێرەدا یەکێتی ئەورووپایە".
گوتیشی: "ئامانجی هەنووکەیمان ئەوەیە خوا یار بێت تا کۆتایی ساڵ رێکخستنەکانمان نوێ دەکەینەوە. خوا یار بێت لەگەڵ ئەو کۆنگرە نائاساییە بە خێرایی رێکخستنەکانمان لە پارێزگا، قەزا، ناحیەکان نوێ دەکەینەوە. دواتر نەخشەڕێگایەکی شەش مانگی بۆ گەلەکەمان بڵاودەکەینەوە".