توركيا, سياسەت

سەرکۆماری تورکیا و هاوتا ئازەربایجانییەکەی بەياننامەى شوشايان واژوو كرد

- بەياننامەى شووشا: - "لایەنەکان لە ھەموو رەھەندەکانەوە باسیان لە فراوانکردن و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان کرد".

Zafer Fatih Beyaz  | 15.06.2021 - نوێکردنەوە : 17.06.2021
سەرکۆماری تورکیا و هاوتا ئازەربایجانییەکەی بەياننامەى شوشايان واژوو كرد

Ankara

شووشا - AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلھام عەلییێڤ، بەیاننامەی شوشایان واژوو کرد.

ئەردۆغان و عەلییێڤ لە دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان لە باخچەی پارێزگای شوشا ئەنجامدا.

سەرکۆماری تورکیا و هاوتا ئازەربایجانییەکەی لە میانی ئەو بەیاننامەی کە واژوویان کرد، جەختیان لەسەر گرنگیی مێژوویی کۆبوونەوەی شوشا، لانکەی رۆشنبیریی دێرینی جیھانی تورک کردەوە.

لە بەیاننامەی شوشادا ھاتووە،"لایەنەکان لە ھەموو رەھەندەکانەوە باسیان لە فراوانکردن و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان کرد".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئازەربایجان پشتیوانییەکانی تورکیا لە کۆتاییھێنان بە پەلامارە ٣٠ ساڵەییەکانی ئەرمینیا و رزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکاندا، بەرز ھەڵدەسەنگێنێت.

لە بەیاننامەی شوشادا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە لایەنەکان، ھەوڵی ھاوبەش دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و جیھان و تێیدا ھاتووە، "لایەنەکان، لەکاتی ھەڕەشە و پەلاماری وڵاتی سێیەم بۆسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکیان، ھاوکاری پێویست پێشکەش بە یەکتر دەکەن".

ھەروەھا لە بەیاننامەکەدا ، لایەنەکان، جەختیان لەوە کردەوە کە کاریگەریی تورکیا لە چالاکییەکانی ناوەندی ھاوبەشی تورکیا-رووسیا لەو خاکانەی کە لە داگیرکاریی رزگارکراون، رۆلێکی گرنگی دەبێت.

لە بەیاننامەی شوشادا، ئەوەش راگەیەندرا کە کردنەوەی رێرەوی زەنگەزۆر لە نێوان تورکیا و ئازەربایجان و ھێڵی ئاسنینی ناھچیڤان-قەرس، کاریگەری دەبێت لەسەر چڕکردنەوە پەیوەندییەکان.

لە بەیاننامەی شوشادا، لایەنەکان ئەوەیان راگەیاند کە ھەماھەنگی سەربازی-سیاسی نێوان ھەردوو وڵات کە پێشخستنی بەخۆوە بینیوە و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا دەگونجێت، لە دژی وڵاتی سێیەم نییە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بانگەشە بێ بنەماکانی ئەرمینیا لە دژی تورکیا و ھەوڵەکانی بۆ شێواندنی مێژوو، زیان بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەی شوشادا، ھاتووە، "لایەنەکان بە تایبەتی لە دژی تیرۆر، تاوانی رێکخراو، قاچاخچێتی ماددەی ھۆشبەر و کۆچی نایاسایی، ھەوڵی ھاوکاری و ھەماھەنگی فراوان دەدەن".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن