سەرکۆمار ئەردۆغان: "پشتیوان بە خودا بەیەکەوە تورکیای بێ تیرۆر بنیاد دەنێین"
سەرکۆماری ئەردۆغان: "بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت. بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت. بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە".
لە دوای سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان و گەڕانەوەی بۆ تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان لە ناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی دەم پارتی ئاماژەی بە هەفتەی داهاتوو کردووە بۆ چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، ئێوەش هەفتەی داهاتوو پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەن، ئایا لەو دیدارەدا باسی چ بابەتانێک دەکرێت، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە باوەڕمان وایە بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' دەگەین. هەروەک چۆن زۆر خەونی گەلەکەمان کردووەتە ڕاستیی، ئەم خەونەش دەکەینە ڕاستیی کە برایەتیی و بەرەی ناوخۆمان بەهێز دەکات و ڕێپێوانی شارستانییەتمان خێرا دەکات. هەنگاوەکانی تورکیای بێ تیرۆر بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو یەک لە دوای یەک دەنرێن. هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، هەر لە سەرەتاوە باسمان کردووە. گوتمان دەبێت چەکدانان بێ مەرج بێت و ڕێکخراوەکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. قۆناغ بە قۆناغ گەیشتینە ئەم خاڵە. بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت. بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە. دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان بە هەستیارییەوە چاودێری هەموو هەنگاو و هەڵمەتێک دەکەن و هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر. بەردەوام دەبین لەسەر چاودێری کردنی و ڕێگە بە هیچ تێکدانێک نادەین. بە هەستیاری و وردییەوە کار دەکەین، بە هەنگاوی دڵنیایەوە بەرەو پێش دەچین. لەگەڵ شاندی دەم پارتیدا باسی ئەو هەنگاوانە دەکەین کە تا ئێستا بۆ گەیشتن بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' نراون و باسی داهاتووش دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە دیدارەکە هەفتەی داهاتوو دەبێت و، ڕایگەیاند: "لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەکەم، کاک حەسەن دۆغان پەیوەندییان پێوە دەکات و ڕێکەوتی دیدارەکە دیاری دەکات. لەو ڕۆژەدا خاتوو پەروین بوڵدان و کاک میتهات سانجار لە دەم پارتی بەیەکەوە دێن. لەم دیدارەدا جێگری سەرۆکی گشتییمان، کاک ئەفکان ئاڵا و سەرۆکی میت، کاک ئیبراهیم کاڵن لەگەڵمدا دەبن. بەیەکەوە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین. چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بۆ تورکیا لە بوارەکانی ئاسایش و دیموکراسی و گەشەپێدان دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ. سەبارەت بە ناونیشانی 'تورکیای بێ تیرۆر' هیچ کێشەیەک نییە. ئێستا خودی گرووپی دەمپارتیش باس لەوە دەکات. پشتیوان بە خودا بەیەکەوە ئەم خەباتەمان بۆ تورکیای بێ تیرۆر بەڕێوە دەبەین. لە تەواوی وڵاتەکەماندا، لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵو و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵو، هەموو بەیەکەوە کار بۆ ئەوە دەکەین چۆن تورکیای بێ تیرۆر بنیاد بنێین. لێرەدا هیچ گومانێک جێگەی باس نییە. ئێمە وەک هاوپەیمانی جومهور لەمبارەیەوە هاوڕاین. پشتیوان بە خودا بەیەکەوە تورکیای بێ تیرۆر بنیاد دەنێین. ئێمە چاودێری پرسی چەکدانانیش دەکەین. چ وەزارەتی دەرەوەمان یان دەزگای هەواڵگری نیشتمانییمان چاودێری پرۆسەکە دەکەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکان بۆ فەراهەم کردنی ئاگربەست لە غەززە کرد و، ڕایگەیاند: "پێمانوایە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەروازەیەکی بۆ غەززەش کردووەتەوە. لایەنی حەماس دەیانجار نیازپاکی لەم بارەیەوە نیشانداوە".
ڕاشیگەیاند: بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەشێوەیەک نەتوانرا ئارامییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا فەراهەم بێت. کار دەکەین بۆئەوەی ئەمجارەش هەمان شت ڕوونەدات.
لە بارەی پرسی F-35، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەلای ئێمەوە پرسی F-35 تەنیا پرسێکی تەکنەلۆجیای سەربازیی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرسی هاوبەشی بەهێزە لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا بەتایبەتی ناتۆ".
گوتیشی: "لەو باوەڕەدام بەڕێز ترەمپ پابەند دەبێت بەو ڕێککەوتنەی ئانجاممانداوە. پێموایە ڕادەستکردنی F-35کان بە تورکیا لە سەردەمی ئەودا بە ئەنجام دەگات".
سەرکۆمار ئەردۆغان دەربارەی ڕێڕەوی زەنگەزور ڕایگەیاند: "ئەرمینیا سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا دژی ڕێڕەوی زەنگەزور بوو، بەڵام بۆ بەشداری کردن لە یەکگرتنی ئابوورییدا، هەڵوێستێکی نەرمتر نیشان دەدات".
گوتیشی: "ڕێڕەوی زەنگەزور دەرفەتی نوێ بۆ تەواوی ناوچەکە دەڕەخسێنێت، نەک تەنیا بۆ ئازەربایجان. ئەم هێڵە وەک بەشێک لە شۆڕشێکی جیۆئابووریی دەبینین".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا پەیوەندی قووڵی دیپلۆماسیی و ستراتیجیی لەگەڵ ئازەربایجان و ڕووسیا هەیە و، ڕایگەیاند: ''لە نزیکەوە چاودێری گرژییەکان دەکەین و داوای هێوربوونەوە دەکەین".
گوتیشی: "گەورەترین ئارەزوومان ئەوەیە ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ڕوویانداوە، لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئازەربایجاندا نەبنەهۆی کەوتنەوەی زیانێک قەرەبوو نەکرێتەوە".
هەروەها سەبارەت بە باکووری سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دەتوانین لە باکووری سووریا مۆدێلگەلی وەک ناوچەکانی بازرگانی ئازاد، بنکەی لۆجستی، بازاڕەکانی سەر سنوور جێبەجێ بکەین".
ڕاشیگەیاند: "بە ڕوونی جەختمان لەسەر هێڵە سوورەکانمان (لە سووریا) کردەوە. پلانێک قبوڵ ناکەین کە ڕەوایەتیی بدات بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان یان درێژکراوەکانیان".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ کرد و، گوتی: "سەبارەت بە غازى سروشتی بۆ سووریا عەلیێڤ ڕایگەیاند: "من ئامادەی پێشکەش کردنی هەر جۆرە پشتیوانییەکم".
سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وڵاتێکین لە ناوچەکەماندا خاوەنی باشترین تیمی ئاسمانیی و زەمینیین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکان".
گوتیشی: "تواناکانی دەوڵەتەکەمان بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانە خراونەتەگەڕ. لە ٢٤ کاتژمێری سەرەتادا سەدا ٩٠ی ئاگرەکان کۆنترۆڵ کراون".
سەرکۆمار ئەردۆغان سەبارەت بە جەهەپە ڕایگەیاند: "بە هەوڵدان بۆ تێکدانی دامەزراوە دادوەرییەکانمان هەوڵ دەدەن تاوانەکانیان بشارنەوە، لە ڕێگەی چالاکییەکانی سەر شەقامەوە هەوڵ دەدەن تاوانباران پاک بکەنەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە جەهەپە بە هەر شێوەیەک ئەگەر کەمێکیش بێت خۆی لەناو خەیاڵاتدا دەبینێت. دۆخێک نییە بە ناوی ئەوەی جەهەپە ببێتە پارتی یەکەم.
ڕاشیگەیاند: "ئەوان هەرچەند ڕاپرسی ئەنجام دەدەن، ئێمەش ڕاپرسی دەکەین. لە تورکیادا پارتی یەکەم ئاک پارتیە. ئاک پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی جومهوردا بە هەڵنانی هەنگاوی دڵنیایی ڕێ دەکات".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن