
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "عەقڵییەتی ئیمپریالیست کە دڵۆپێک نەوت بە بەهاتر لە دڵۆپێک خوێن دەزانێت، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی ئازار و وێرانکاریی و شەڕ و پێکدادان کردووەتەوە، کە هێشتا کاریگەرییەکەی بە تایبەتی هەستی پێدەکرێت. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس کە لەسەر سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێر زەوی دەژین، ڕووبەڕووی هەژارییەکی قووڵ بوونەتەوە، ئەو وڵاتانەی هەزاران کیلۆمەتر لەم سەرچاوانەوە دوورن گەشەیان کردووە و دەوڵەمەند بوون و ژیانێکی خۆشگوزەرانیان بۆ هاوڵاتییانی خۆیان فەراهەم کردووە".
لە میانی بەشداری کردنی لە ١١هەمین کۆڕبەند و پێشانگای بەرهەمداری وزە لە ئیستانبوڵ، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە وزە و دابین کردنی ئاسایشی وزە بووەتە یەکێک لە گرنگترین پرسە ستراتیجییەکانی مرۆڤایەتی و، ڕایگەیاند: "هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی ئابووریی، پێداویستی وزەی جیهان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە. زیاد لەوەش وڵاتانی گەشەسەندوو بۆ ئەوەی بە خێرایی بگەنە ئاستێکی دیاریکراوی پێشکەوتن، هەوڵ دەدەن لە سەرووی تێکڕای جیهانیشەوە گەشە بکەن. ئێمە وەک مرۆڤایەتی چاوەڕوانی داهاتوویەکی پڕ لە تاقیکردنەوە دەکەین لە ڕووی دابین کردنی وزە و خواست و ئاسایشی دابینکردن".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە عەقڵییەتی ئیمپریالیست کرد کە چۆن جیهانی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە و، ڕایگەیاند: "عەقڵییەتی ئیمپریالیست کە دڵۆپێک نەوت بە بەهاتر لە دڵۆپێک خوێن دەزانێت، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی ئازار و وێرانکاریی و شەڕ و ێکدادان کردووەتەوە، کە هێشتا کاریگەرییەکەی بە تایبەتی هەستی پێدەکرێت. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس کە لەسەر سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێر زەوی دەژین، ڕووبەڕووی هەژارییەکی قووڵ بوونەتەوە، ئەو وڵاتانەی هەزاران کیلۆمەتر لەم سەرچاوانەوە دوورن گەشەیان کردووە و دەوڵەمەند بوون و ژیانێکی خۆشگوزەرانیان بۆ هاوڵاتییانی خۆیان فەراهەم کردووە".
گوتیشی: "کاتێک تەماشای وێنەی مانگە دەستکردەکان دەکەن کە کیشوەرە جیاوازەکان نیشان دەدەن، دەتوانیت بە ڕوونی ئەو جیاوازییە ببینیت کە لەنێوان باکوور و باشووردا هەیە. لە لایەکەوە لە هەموو شوێنێکی نەخشەکەدا کۆمەڵێک خاڵی ڕووناک دەبینرێن، لە لایەکەی دیکەوە تاریکییەکی تۆخ زاڵە و دۆزینەوەی خاڵێکی ڕووناک ئەستەمە. تا ئەو کاتەی ئەو شێوازە سەبارەت بە وزە نەگۆڕدرێت، بەداخەوە دەرکەوتنی ئەم وێنەیە بە پێکهاتەیەکی دادپەروەرانەتر و هاوسەنگتر زۆر سەخت دەردەکەوێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە ئابووریی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە ساڵی ٢٠٢٨دا ئابوورییمان بگاتە ١،٩ تریلیۆن دۆلار و داهاتی نەتەوەیی تاکەکەسیش بۆ ئاستی ٢١ هەزار دۆلار بەرز ببێتەوە".
ڕاشیگەیاند: "تەنیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٦ ملیار دۆلارمان بۆ هاوردەکردنی وزە داوە. لە هەوڵێکی چڕداین بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارگرانییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە بەکاربردنی ڕۆژانەی نەوتمان نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلە. لەوەیش ١٦٠ هەزار بەرمیلی لە سەرچاوەکانی خۆمان دابین دەکەین.
گوتیشی: "ئەگەرچی لە دۆزینەوەی غازی دەریای ڕەش و نەوتی گاباردا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنین، بەڵام ئەو تابلۆیەی لەبەردەمماندایە ئەوە دەردەخات کە هێشتا زۆر کار هەیە بیکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر تواناکانی تورکیا لە گەڕان و دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییەکاندا و، ڕایگەیاند: "لەئێستادا بە ٤ کەشتی هەڵکەندنی بیر و ٢ کەشتی گەڕاندا لە جیهاندا لە پلەی پێنجەمداین. بەخستنەگەڕی کەشتییە نوێیەکانمان بۆ کەشتییەکان بۆ پلەی چوارەم بەرز دەبینەوە".
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو یەکەم کارەبا بەرهەم دەهێنین".
ڕاشیگەیاند: "جگە لە ئاککویو پرۆژەی دیکەمان لە بواری وێستگەی ئەتۆمی هەیە و گفتوگۆکانمان لەو بارەیەوە بەردەوامە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە گرنگیی هەوڵەکان کرد لە فراوانکردنی سەرچاوەکاندا و، ڕایگەیاند: "پابەندبوون بە تاکە وڵات، تاکە سەرچاوە و تاکە هێڵێک لە ڕووی دابین کردن (ی وزە)، مەترسی گەورە لە خۆ دەگرێت".
سەبارەت بە وزەی سەوز، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەین کە وەبەرهێنان لە وزەی سەوزدا دەکەن. تا ئەمساڵ تێکڕا وزەی نوێبووەوەمان بۆ سەرووی سەدا ٦٠ بەرزکردەوە".
ڕاشیگەیاند: "بەرهەمداری وزە لەوە زیاترە تەنیا پاشەکەوت بێت، بەڵکو وەک هۆکار دەیبینین کەتوانای کێبڕکێمان لە پیشەسازیدا زیاد دەکات و توانامان لەبەرەنگاربونەوەی قەیرانی کەشوهەوا بەهێز دەکات".
سەرکۆمار ئەردۆغان، باسی لە دۆخی جەهەپە و سەرۆکی گشتیی پارتەکە ئۆزگور ئۆزەل کرد و، ڕایگەیاند: "تاکە شتێک بتوانێت بیکات ئەوەیە ببێتە قەڵغان بۆ ئەو هێرش و شەرمەزارییانەی ڕۆژانە بەهۆی گەندەڵی، بەرتیل و زەوتکردنانەی لە پارتەکەیدا سەرهەڵدەدەن".