سەرکۆمار ئەردۆغان: "هەتا گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "دوایین بڕیاری کۆمسیۆن (بۆ تورکیای بێ تیرۆر) بۆ کردنەوەی ڕێگە لەبەردەم قۆناغەکە و یارمەتیدەرە و خێرایی دەبەخشێتە کۆتاییهێنان بە تیرۆر، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "هەتا گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر، بە سەبر، دڵسۆزی، بوێری و پێداگرییەوە، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای بەشداریکردن کە لووتکەی سەرکردەکانی G20 کە لە شاری جۆهانسبێرگ'ی ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە ناو فڕۆکە قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
لەسەرەتای قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئیرادەی جددی، پێداگرانە و بونیادنەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە بڕوای من دەتوانێت ناتانیاهو ڕابگرێت".
لەم بارەیەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "زیادکردنی گوشارە دیپلۆماتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها کردنەوەی بەربەستەکان بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان، ڕێکارێکی پێویست و ناچارییە".
هەروەها ڕاشیگەیاند: "حەماس بەرامبەر هەموو کردەوە ئیستفزازییەکانی ئیسرائیل، دانی بە خۆیداگرتووە و پابەندی ئاگربەست بووە. بەڕێوەبردنی تەواوی ئەو ئاگربەستە مەرجە".
لەبارەی پرسی سووریا و نیگەرانییەکان لەم بارەیوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "هەموو کەس دەزانێت کە ئێمە لەبارەی ئاسایشی نەتەوەییمان چ هەنگاوێکمان ناوە. لە ئەگەری هەرچەشنە مەترسییەکی وا، کاردانەوەی پێویستمان دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا هەروەها باسی لە جەنگی نێوان ڕووسیا-ئۆکراینا کرد و گوتی: "وەک تورکیا چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگمان لە ئیستانبوڵ هەبوو، ئێستاش بۆ هەمان هەڵوێستی بونیادنەرانە ئامادەین".
بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان باسکردن بوو لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی و لەم بارەیەوە گوتی: "دوایین بڕیاری کۆمسیۆن بۆ کردنەوەی ڕێگە لەبەردەم قۆناغەکە و یارمەتیدەرە و خێرایی دەبەخشێتە کۆتاییهێنان بە تیرۆر، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "هەتا گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر، بە سەبر، دڵسۆزی، بوێری و پێداگرییەوە، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان دۆخی پارتی گەلی کۆماری تورکیای باس کرد و گوتی: "دەبینین کە بەڕێز کڵچدارئۆغڵوش لەو مارانەی کە لە مەڕەکانیان خۆتێر دەکەن، نیگەرانە و لێیان یاخی بووە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "تاکە ڕێکاری جەهەپە ئەوەیە کە بە هاتوهاوار تۆمەتەکانی دەزگای دادوەری بشارێتەوە و ڕێگری بکات لەوەی کە خەڵک ببینن کە تووشی چ گۆماوێک بووە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
