توركيا, سياسەت

سەرکۆمار ئەردۆغان: "لە ٣١ی ئاداردا ئیستانبوڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە ئیزنی خوا، لە ٣١ی ئاداردا ئەو کێشەیە چارەسەر و ئیستانبوڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە".

Mustafa Hatipoğlu, Mehmet Yusuf Melikoğlu  | 24.03.2024 - نوێکردنەوە : 25.03.2024
سەرکۆمار ئەردۆغان: "لە ٣١ی ئاداردا ئیستانبوڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە ئیزنی خوا، لە ٣١ی ئاداردا ئەو کێشەیە چارەسەر و ئیستانبوڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە".

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میتینگێکی جەماوەری پارتەکەیدا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئاتاتورک بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە ٣١ی ئادار ئەم شارە لەدەست عەقڵییەتی جەهەپە ڕزگار دەکەین و لەگەڵ مورات کوڕوم سەردەمێکی نوێ لە ئیستانبوڵ دەست پێ دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەفتەیە زۆر خۆمان ماندوو دەکەین. لەگەڵ ئەوانەی کە پێیان وایە خاوەنی ئیستانبوڵن و نە لە شارەکە و نە لە خەڵکی شارەکە تێگەیشتوون، ناگەینە هیچ شوێنێک".

گوتیشی: "نە شەرم و نە حەیا، دەڵێن میترۆمان دروست کردووە. دروستکردنی هەموو میترۆی ئیستانبوڵ هی ئێمەیە، هی ئێمە. ئیستانبوڵ لە پێنج ساڵی ڕابردوودا گەڕاوەتە بۆ سەردەمی ١٩٨٩ -١٩٩٤. هیچ کارێک و خزمەتگوزارییەک بەرچاو ناکەوێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەشی لە بەرپرسانی جەهەپە گرت و گوتی: "نیوەیان لە خلیسکانێ، نیوەیان لە پشوو و نیوەی دیکەیان لە کەمپێنەکانی خستنە خوارەوەی سەرۆکی گشتییان، ئیتر هیچ کاتێکیان بۆ نامێنێت. ئەرکی ویژدانی ئێمەیە کە بۆ شارەکە و دانیشتووانەکەی، ئیستانبوڵ لەدەست ئەوانە ڕزگار بکەین".

ڕاشیگەیاند: "سەیر بکەن، ئێستانبوڵ ئێستا لەبەردەم دووڕێیانێکدایە، لایەک دەڵێ من و لایەکی دیکەش دەڵێت، ئیستانبوڵ. بە ئیزنی خوا، لە ٣١ی ئاداردا ئەو کێشەیە چارەسەر و ئیستانبوڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە".

لەبارەی تۆمارەکانی پارە بژاردن کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "تا ئێستا کەس لەبارەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە لێدوانێکی مەعقوڵ و لۆژیکی نەداوە. بابەتێک کە ویژدانەکان بحەسێنێتەوە، نەمانبینی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە خزمەتگوزارییەکانی خۆی و پارتەکەی بە ئیستانبوڵ کرد و گوتی: "لە ٢١ ساڵی ڕابردوودا یەک ترلیۆن ٦٥٠ ملیار لیرە سەرمایەگوزاری گشتی لە ئیستانبوڵ کراوە. پابەندین بەو بنەمایانەی کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ئەمانەتی ئەو شارەمان وەرگرت و لە ساڵی ٢٠٠٢شدا بەرپرسیارێتی هەموو تورکیامان لە ئەستۆ گرت. لە کەرتی تەندروستی ١٧٨ ناوەندی پزیشکیمان دروست کردووە کە بە گشتی ١٨ هەزار و ٤١٧ قەرەوێلە لە خۆ دەگرێت".

جەختیشی لەوە کردەوە کە، "خۆمان دەگەیەنینە ئەو برایانەمان کە لە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگیان بە بەربژێرەکانی دیکە داوە و ئاستی دابەزینی شارەکەمانیان تێ دەگەیەنین".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئیتر تاقەتی ئەوەمان نەما کە پێنج ساڵی دیکە ئیستانبوڵ لەدەست بدەین. بۆیە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دڵ و دەنگەکەی واز لە هیچ دەنگدەرێکی ئیستانبوڵ ناهێنین".

لە کۆتاییدا سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەشداربووانی متینگی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: "کامە لایەنی سیاسی بێت، کێشە نییە، من متمانەم بە هۆشیاری خەڵکی ئیستانبوڵ هەیە. لە ناوخی دڵمەوە باوەڕم بەوە هەیە کە ئیستانبوڵ لە ٣١ی ئاداردا شەرمەزارمان ناکات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن