توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "( سووریا) چارەسەرکردنی کێشەکە بەپێی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە تاکە ڕێگەچارەیە"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "(٢٠٢٥) لە سەردەمێکدا کە هاوکێشەکان لە بازرگانیی جیهانی، دیپلۆماسیی و ئاسایشدا تێکچوون، ئابووریی تورکیا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی نیشان دا".

Merve Yıldızalp Yormaz  | 27.01.2026 - نوێکردنەوە : 27.01.2026
سەرکۆمار ئەردۆغان: "( سووریا) چارەسەرکردنی کێشەکە بەپێی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە تاکە ڕێگەچارەیە"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا کە هاوکێشەکان لە بازرگانیی جیهانی، دیپلۆماسیی و ئاسایشدا تێکچوون، ئابووریی تورکیا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی نیشان دا.

لە میانی بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی سەرکەوتن لە خزمەتگوزارییەکانی بەڵێندەرایەتیی دەرەوەی وڵاتدا کە لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ئابووریی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "(٢٠٢٥) لە سەردەمێکدا کە هاوکێشەکان لە بازرگانیی جیهانی، دیپلۆماسیی و ئاسایشدا تێکچوون، ئابووریی تورکیا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی نیشان دا".


سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی سووریا کرد و، ڕایگەیاند: "لە سەرانسەری سووریادا، بەتایبەتی لەو شوێنانەی ڕژێمی پێشوو بە بۆمبی بەرمیلی وێرانی کردن، هەڵمەتێکی گەورەی بنیاتنانەوە و ئاوەدان کردنەوە دەست پێ دەکات".
​​​​​​​
گوتیشی: "هەر کاتێک سووریا بە سەقامگیریی و ئاسایش گەیشت، ئەوا تەواوی وڵاتانی دراوسێی بەتایبەت تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەست بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دەکەن".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەرکاتێک شوێنەواری ستەم بسڕێتەوە و سووریا بە پشتیوانییەکانی تورکیا برینەکانی ساڕێژ بکات و سەرلەنوێ هەستێتەوە سەر پێ، ئەوا لە ناوچەکەماندا کەشێکی جیاواز هەڵدەکات.

سەبارەت بەو مەرسوومەی لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع لە بارەی مافەکانی کورد لەو وڵاتە واژووی کرد، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵین دەبینین لە ڕێگەی دوایین مەرسوومەوە مافە سەرەتایییەکانی برا کوردەکانمان کە لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەدا تەنانەت وەک هاووڵاتیش هەژمار نەدەکران، دەستەبەر کراوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان دەربارەی دۆخی سووریا باسی لەوە کرد کە چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، تاکە ڕێگەچارەیە و، ڕایگەیاند: "دەوڵەت لە ناو دەوڵەت و هێزی چەکداری جیاواز نابێت. چارەسەرکردنی کێشەکە بە هێمنی و بەپێی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، تاکە ڕێگەچارەیە".

گوتیشی: "ڕاستترین ڕێگا بۆ سووریا ڕوونە. هیوادارین هەمووان ئەوە ببینن کە بە دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە ناگەنە هیچ شوێنێک".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بە هاریکاریی نزیک لەگەڵ حکوومەتی سووریادا، داواکاری خوشک و برایانی کوردمان کە لەو دیوی سنوورەکانمان دەژین بۆ هاوکاریی مرۆیی، دابین دەکەین.

ڕاشیگەیاند: "تکا لە برا کوردەکانم و هاووڵاتییانم دەکەم، مەکەونە داوی ئەو یاریانەی ئامانجیان وەشاندنی گورزە لە برایەتی دێرین و هەمیشەییمان و، نانەوەی فیتنەیە لە نێوانماندا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın