سەرکۆمار ئەردۆغان: "دانوستانەکانی ئیستانبوڵ خاڵێکی وەرچەرخانە لە هەوڵە دیپلۆماتییەکان"
- سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "داوا لە هەموو ئەو هاوبەشانەمان دەکەین کە خوازیاری ڕاگرتنی خوێنڕێژین (لە ئۆکراینا-ڕووسیادا)، ڕوانگەیەکی بونیادنەرانەی بەرامبەر قۆناغی دانوستانی ئیستانبوڵ هەبێت".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئیستانبوڵ خاڵێکی وەرچەرخانە لە هەوڵە دیپلۆماتییەکان و داواشی لە هاوبەشەکانی کرد کە بە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە لەو دانوستانانە بڕوانن و لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سوپاسی تورکیای کرد بە هۆی ئەو پشتگیرییانەی لە سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتەکەی دەیکات.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لە سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کرد و دوای کۆبوونەوەیان، لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ڕێکخست و لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژەڤەوە دوان.
لەسەرەتادا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگی ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ کرد و گوتی: "دانوستانەکانی ئیستانبوڵ خاڵێکی وەرچەرخانە لە هەوڵە دیپلۆماتییەکان ئەویش لە کاتێکدا کە کاریگەرییە تێکدەرییەکانی جەنگ(ی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا) قوڵ دەبێتتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "پێمان وایە درێژەپێدان بە دانوستانەکانی ئیستانبوڵ لەبارەی جەنگ(ی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا) بەو ناوەڕۆکانەی کە کێشە گشتییەکان بەرەو چارەسەری ببات، زۆر بە سوودە".
سەرکۆمار تورکیا داواشی لە هەموو هاوبەشەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لەو دانوستانانە بکەن و گوتی: "وەک تورکیا ئامادەین لەگەڵ ڕووسیا لەبارەی ئەو پێشنیازانە گفتوگۆ بکەین کە ڕەوتی ئاگربەست خێراتر بکەن و ڕێگە بۆ ئاشتییەکەی دادپەروەرانە خۆش بکات".
دواتر سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی قسەی کرد و لەسەرەتای قسەکانیدا وێڕای دەربڕینی پێزانینی بۆ ڕۆڵی تورکیا، گوتی: "پەیوەندیدار بە جەنگی ڕووسیا، هەڵوێستی بونیادنەرانەی تورکیا بۆ ئۆکراینا زۆر گرنگە".
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتیشی: "بە هۆی پشتگیرییەکانی لە سەربەخۆیی و سەروەری ئۆکراینا، سوپاسی تورکیا دەکەم".
زێلێنسکی ڕاشیگەیاند: "متمانەمان بە هێزی دیپلۆماسی تورکیا و لێکتێگەیشتن لەگەڵ مۆسکۆ هەیە".
لە کۆتاییدا سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هیوای خواست کە هەتا سەری ساڵ جارێکی دیکە ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا دووبارە ببێتەوە و لەم بارەیەوە گوتی: "تورکیا لەم بارەیەوە هاوکارێکی گەورەیە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
