توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "توانای وەرگرتنی بەشە ناوخۆییەکانمان گەیاندووەتە یەک ملیۆن خوێندکار"

Ferhat Yasak  | 13.02.2026 - نوێکردنەوە : 13.02.2026
سەرکۆمار ئەردۆغان: "توانای وەرگرتنی بەشە ناوخۆییەکانمان گەیاندووەتە یەک ملیۆن خوێندکار"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان و کچانی زانکۆی بۆغازیچی ڕایگەیاند: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە وەقفی گەشەپێدانی زانکۆی بۆغازیچی دەکەم کە ئەم وەبەرهێنانەی بە بەهای یەک ملیار و ١٥٠ ملیۆن لیرە جێبەجێ کردووە. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو برایانەم دەکەم، لە کرێکارەوە تا تەلارساز و ئەندازیار، کە ڕەنجیان داوە لە دروستکردنی بەشە ناوخۆییەکانماندا. داوای سەرکەوتنی گەورە لە پەروەردگار دەکەم بۆ ئەو گەنجانەمان کە لە ماوەی خوێندنی باڵادا لەم بەشە ناوخۆییانەدا دەمێننەوە".

لە میانی بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەشە ناوخۆیییەکانی کوڕان و کچان لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئیستانبوڵ، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئاماژەی بە گرنگی زانکۆکان کرد و، رایگەیاند: "لەو باوەڕەدام کە پێویستە زانکۆکانمان تیشک بخەنە سەر توێژینەوە، بەرهەمهێنانی زانیاریی ڕەسەن و بەپێز و پەرەپێدانی ئەو پرۆژانەی ئاسۆی تورکیا فراوان دەکەن".

گوتیشی: "ئەوانەی زانکۆکان وەک حەوشەی پشتەوەی ئایدۆلۆجیاکانیان دەبینن و لە زانکۆکاندا دەرەبەگایەتیان دامەزراندووە، نایانەوێت ئیمتیازەکانیان لەدەست بدەن".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر بەخۆماڵی کردنی کارو چالاکییەکانی زانکۆکان کردەوە و، رایگەیاند: "لە کاتێکدا زانکۆ و مامۆستایانمان کار و چالاکی جیهانی ئەنجام دەدەن، گرنگیی بەوە دەدەین کە لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوام بن لە هەنگاوەکانی خۆماڵیی کردن".

ڕاشیگەیاند: "هەموو تواناکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی زانکۆکانمان، بەتایبەتی لە ڕیزبەندییەکانی سەرکەوتنی نێودەوڵەتییدا بگەنە پلەی بەرزتر".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە زیاد کردنی ژمارەی زانکۆکان کرد و، ڕایگەیاند: "ژمارەی زانکۆکانمان لە ٧٦ەوە گەیاندە ٢٠٨ و، ژمارەی کارمەندانی ئەکادیمیشمان لە ٧٠ هەزارەوە گەیاندە ١٨٧ هەزار".

گوتیشی: "ئەو بودجەیەی پێش ٢٣ ساڵ بۆ پەروەردە تەرخان کرابوو تەنیا ٧،٥ ملیار لیرە بوو، لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم ژمارەیە بە خوێندنی باڵاشەوە گەیشتە سێ تریلیۆن لیرە. ژمارەی بەشە ناوخۆییەکانمان کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا ١٩٠ بوو ئەمڕۆ گەیاندمانە ٨٨٠. توانای وەرگرتنی جێگەی نوستنمان لە ١٨٢ هەزارەوە گەیاندە یەک ملیۆن".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کتێبخانەی زانکۆی بۆغازیچی کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بەرگەنەگرتنی بەرامبەر بوومەلەرزە ڕووخێندرا، پشتیوان بە خودا لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا سەرلەنوێ بنیات دەنێینەوە و، ڕایگەیاند: "ساڵی داهاتوو بە وەبەرهێنانێکی سێ ملیار لیرەیی باڵەخانەیەکی تاقیگەی تەواو پۆشتە و مۆدێرن بۆ زانکۆی بۆغازیچی دابین دەکەین".

ڕاشیگەیاند: "لە کاتێکدا ئەو ڕاستییە هەیە کە ئەستێرەی تورکیا لە ئاستی جیهانییدا تا دێت دەدرەوشێتەوە، پێویستە زانکۆکانمان لەگەڵ ئەمەدا خۆیان بگونجێنن و نوێ بکەنەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın