توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "بە سەقامگیرییەوە بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر هەنگاو دەنێین"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە کاتێکدا خەریکن لە ناوچەکەدا سنوورەکان بە خوێن و فرمێسک دادەڕێژنەوە، ئێمە بە دووبارەکردنەوەی سیاسەتەکانی ئاژاوە بنێوە و بەڕێوەی ببە، ڕازی نابین".

Kaan Bozdoğan  | 13.09.2025 - نوێکردنەوە : 13.09.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "بە سەقامگیرییەوە بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر هەنگاو دەنێین"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

سەرکۆمار ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە سوورن لەسەر هەنگاونان بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و گوتیشی "بە دووبارەکردنەوەی سیاسەتەکانی ئاژاوە بنێوە و بەڕێوەی ببە، ڕازی نابین".

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی ئاکادێمیای ئاک پارتی کە لە هۆڵی کۆنگرەکانی خەلیج لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرکۆمار ئەردۆغان لەسەرەتای گوتارەکەیدا باسی لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر کرد و گوتی: "کارەساتخوڵقێنان چی دەڵێن با بیڵێن، بە شێوەیەکی سەقامگیرانە بەردەوام دەبین، هەنگاو بە هەنگاو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. ئەوانەی کە چەندین دەیەیە ڕاهاتوون کە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا بە کوتکی تیرۆر دابڕێژنەوە، ئەوە ئەمجارە بێهۆدە سەوڵ لێدەدەن. گەڕانەوە بۆ دواوە نابێت".

گوتیشی: "لە کاتێکدا خەریکن لە ناوچەکەدا سنوورەکان بە خوێن و فرمێسک دادەڕێژنەوە، ئێمە بە دووبارەکردنەوەی سیاسەتەکانی ئاژاوە بنێوە و بەڕێوەی ببە، ڕازی نابین".

لەبەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن گرت و گوتی: "شان وەبەر شانی یەکتر دەدەین بۆ ئەوەی سێبەری ئەو هەورەی خزمەتگوزاری نەکردن کەبەسەر ئیستانبوڵدا زاڵ بووە، لای بدەین".

سەرکۆمار ئەردۆغان بەم شێوەی بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی: "لە کاتێکدا ئێمە خەریکی چارەسەری کێشە درێژخایەنەکانی تورکیاین، لە لای ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وڵاتەکەمان، بابەتێکی زۆر جیاواز ڕۆژەڤیانە. ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەڕەڵڵا بووە. کەوتوونە گۆمئاوێکەوە و خۆیان خۆیان ئیدانە دەکەن. شەڕ، مۆتەکە، قەیران. بە بۆچوونی خۆیان گوشار دەخەنە سەر دادگا و سیاسەت. لەوەش خراپەکاری دەکەن. پێیان وایە بە دابەشکردنی خەڵک بەسەر بەرەی جیاواز، هێرشکردنە سەر پۆلیس و ئاژاوەنانەوە لەسەر شەقامەکان دەتوانن گەندەڵییەکانیان پەردەپۆش بکەن. دوێنێ لەبارەی ئابڕووچوونەکەی (سەرۆکایەتی شارەوانی) ماناڤگات دیمەنی نوێ ئاشکرا بوو. وەک ئەوانەی پێشوو دۆلار و یۆرۆ ڕۆڵگێڕن. بەڕێزیان لەبارەی ئەم تۆمارە ڤیدیۆییە چی دەڵێت"؟

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوانەی پەنایان بۆ دادگا بردوە، ئەوانەی سکاڵاکارن. ئەوانەی دەڵێن بەپارە دەنگەکەم گۆڕی، بەرتیلم دا، بەرتیلم وەرگرت، هەمووی جەهەپەن، بەگشتی هەر هەموویان جەهەپەن. بەڕێز ئۆزگور (سەرۆکی جەهەپە) ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەو شەڕە، ئەو مۆتەکەیە و ئەو قەیرانەی ناو جەهەپەدا نەبووین، نین و ناشبین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın