Sefa Mutlu
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
ئيستانبوڵ - AA
سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان، دواى سەردانە يەك رۆژييەكەى بۆ كوێت و قەتەر، گەڕايەوە توركيا.
ئەو فڕۆكە تايبەتەى كە ئەردۆغان و شاندى ياوەرى هەڵگرتبوو، كاتژمێر ٢٢:٣٠ لە فڕۆكەخانەى ئاتاتورك نيشتەوە.
پارێزگارى ئيستانبوڵ عەلى يەرليكايا و بەپرسانى ديكە پێشوازييان لە ئەردۆغان كرد.
هەر يەك لە وەزيرى دارايى و گەنجينە بەرات ئاڵبايراك، وەزيرى وەرزش و لاوان محەمەد قەسابئۆغڵو، وەزيرى بەرگریى خولوسى ئاكار، سەرۆكى دەزگاى ميت هاكان فيدان، سەرۆكى پەيوەندييەكان سەر بە سەرۆكايەتى كۆمار فەخرەددين ئاڵتون و گوتەبێژى سەرۆكايەتى كۆمارى توركيا ئيبراهيم كاڵن لەگەڵ ئەردۆغان گەڕانەوە توركيا.
- سەردانەكانى كوێت و قەتەر
سەركۆمارى توركيا رەجەب تەيب ئەردۆغان، نيوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەيشتە كوێت و لەگەڵ ميرى كوێت، نەواف ئەحمەد جابر سەباح كە لە دواى كۆچى دوايى سەباح ئەحمەد جابر سەباح ئەركى وەرگرتووە كۆبوويەوە و سەرەخۆشى لێكرد.
پاشان، ئەردۆغان و شاندى ياوەرى روويان كردە قەتەر و لەوێ لەگەڵ ميرى قەتەر شێخ تەميم بن حەمەد ئالسانى كۆبوويەوە.
لە دواى ئەو كۆبوونەوە دوو قۆڵييەى كە لە كۆشكى دەريا لە دۆحەى پايتەخت بەڕێوەچوو و يەك كاتژمێر و ١٠ خولەكى خاياند، ئەردۆغان و ئال سانى نانى ئێوارەيان خوارد.