Ali Bayaslan,Muhammet Ali Kemal
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2017
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاشکرایکرد ئەو تەقینەوەیەی کە لە یەکەیەکی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای دیاربەکر لە شارۆچکەی باغڵار روویدا، کردەوەیەکی تیرۆریستییە.
سولەیمان سۆیڵو لەمیانی بەشدارییکردن لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەرتورک ئاماژەی بەوەکرد هێرشە تیرۆریستییەکە لەرێگەی تونێلێکەوە کە لەدەرەوە هەڵکەنراوە، ئەنجامدراوە.
سۆیڵو باسی لەوەکرد کە پێشتر ئاماژە بەوەکراوە تەقینەوەکە لەکاتێکدا روویداوە کە کارمەندی تەکنیککار سەرقاڵی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش بووە و گوتی: ''ئەو تەقینەوەیە بەهۆی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە روویداوە، لێکۆڵینەوەی زۆری تێدا کرا. لەدوێنێ شەوەوە روون بوویەوە. بابەتەکە هێرشێکی تیرۆریستییە. لەئێستادا 10-12 برینداری سووکمان هەیە لە نەخۆشخانەکاندا. بەڵام جگە لەوەش تەکنیککارێکی دیکە لەژێر دارپەرودووەکاندا دەرهێنرا، کە شەهید بووە. پۆلیسێکیشمان هەر لەوێ شەهید بوو. ئاشکرا بوو کە ئەوە هێرشێکی تیرۆریستییە، چونکە پێشتر وا دەزانرا کە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوەتەوە، ئەو چاڵەی کە درووستبووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە بووە. سەرەتا بەو شێوەیە بیرمان کردەوە کە ئایا کەسێک چووەتە ژوورەوە و لەرێگەی کارمەندێکەوە شتێکی لەوێ دانابێت، بەڵام دوایی دەرکەوت کە لەرێگەی تونێلێکەوە ئەو کارەیان ئەنجامداوە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەکرد مانگی جارێک دەورووبەری بیناکانی ئاسایش کێوماڵ دەکرێن و رایگەیاند: ''بۆ ئەوەیە کە بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی لەوجۆرە نەبینەوە. ئەمە مانەی ئەوەیە کە لەماوەیەکی زۆر کورتدا ئەو شوێنەیان هەڵکەندووە بۆ ئەوەی تەقەمەنی تێدا دابنێن. هەموو وردەکارییەکان لەلایەن پارێزگارەوە بڵاودەکرێنەوە''.