Sangar Hamad Azeez
21 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم رایگەیاند کە "وەک حکوومەتەکانی پێشوو کاری پێشینەمان بریتی دەبێت لە فەراهەمکردنی دیموکراسی، مافی هاووڵاتیان، خۆشگوزەرانی و چاکسازی".
لە میانی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم باسی لەو شارەوانیانە کرد کە لە ژێردەستی هەدەپە دایە.
یڵدرم هەرەها گوتی: "بۆ ئەنجامدانی رێگاوبان، پارک، ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری پارە لە وڵات وەردەگرن و دواتر بە هەر شێوەیەک بێت ئەو پارە رادەستی رێکخراوی تیرۆریستی دەکەن، لە نزیکترین کاتدا لەسەر ئەو پارانەی کە لە وڵاتتان وەرگرتووە و لە پێناو میللەت سەرفتان نەکردووە لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکەین، یەکە بە یەکە لەگەڵتان باس دەکەین، ئەم بابەتە لە پەرلەمانیش باس دەکرێت".
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەو کارانەی کە بەنیازن لە ناوچە کوردییەکان ئەنجامی بدەن و گوتی: "هەوڵ دەدەین رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات بکەین بە ناوەندێکی دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێش. لێرە کارگە دروست دەکرێت و کارگەکانیش خۆمان دروستیان دەکەین، کەرتی تایبەت کاریان لەسەر دەکات و بەرهەمەکانیش بۆ ماوەیەکی کاتی خۆمان دەیانکڕینەوە، بەم شێوەیەش هاووڵاتییان و گەنجەکانمان لە ناوچەکە هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێت و دەتوانن ئایندەیەکی باشتر بۆخۆیان دەستەبەر بکەن".