Ömer Yıldız
17 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2023
مێرسین - AA
لە قەزای تارسوس سەربە پارێزگای مێرسین باشووری تورکیا، پاسێک و بارهەڵگرێک بەریەککەوتن، بەپێی ئامارە بەراییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش برینداربوون.
بەپێی زانیاری هاتوو، رووداوەکە لە ناوچەی داملاما لەسەر رێگای ئادانا-پۆزانتی روویداوە و تیایدا پاسەکە لە دواوە خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرەکەدا.
دوای رووداوەکە پاسەکە ئاگری گرتووە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلەی تەندروستی، جەندرمە، ئافاد و ئاگرکوژێنەوە رەوانەی ناوچەکە کران.

دوای گەیشتنیان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەپێی ئامارە بەراییەکان لەو رووداوەدا، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش برینداربوون.
دوای وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی، بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئادانا و تارسوس.
پارێزگاری مێرسین، عەلی حەمزە پەهلەوان سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و زانیاری لەبارەوە وەرگرت.
هاوکات بەهۆی رووداوەکەوە، تیمەکان رێگاکەیان بەڕووی هاتوچۆدا داخست و لێکۆڵینەوەیان لەسەر پاسەکە و رووداوەکە کرد.
دواتر پاسەکە بە کرێن لە شوێنی رووداوەکە دوورخرایەوە.