Mohammed Baqi Hussein
04 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2016
ئه‌نقه‌ره
باڵیۆزی فەڕه‌نسا له ئه‌نقه‌ره چارلیس فرایس، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا - فەڕه‌نسا و بابه‌ته ناوچه‌ییه‌كانی بۆ په‌یامنێری ئانادۆڵو هه‌ڵسه‌نگاند.
فرایس رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی پشتگیریی ئۆپۆزسیۆنی میانڕه‌وی سووریا ده‌كات كه كورده‌كانیش له‌خۆده‌گرن و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و عێراقه‌وه.
فرایس رایگەیاند: "فەڕه‌نسا رێز له پاراستنی ئاسایشی سنووره‌كانی توركیا ده‌گرێت. له‌به‌رئه‌وه فەڕه‌نسا هه‌میشه ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لامارانه‌ی كردووه كه توركیایان كردۆته ئامانج وه‌ك په‌لاماره‌كه‌ی 17ی شوبات كه له‌ئه‌نقه‌ره هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیای كرده ئامانج. توركیا خۆی به‌شێوه‌یه‌كی سرووشتی متمانه‌ی به پشتگیریی فەڕه‌نسا هه‌یه له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزمدا".
ناوبراو پێشڕه‌وییه‌كانی په‌یه‌ده‌ی له باكووری حه‌له‌ب به جێگای نیگه‌رانی ناوبرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا په‌یه‌ده سوودی له‌و گرژی و ئاڵۆزییه وه‌رگرتووه كه به‌هۆی هێرشه‌كانی رژێمی سووریاوه بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن دروستبووه.
فرایس گوتیشی: "لایه‌نگری پاراستنی یه‌كپارچه‌یی سووریاین و وه‌ك توركیا دژی هه‌ر دابه‌شبوونێكی نه‌ژادی و مه‌زهه‌بیین. وه‌كو ئه‌نقه‌ره پاریسیش ده‌یه‌وێت دوای قۆناغی راگوزه‌ری سیاسی ئه‌سه‌د بڕوات. چونكه ئه‌سه‌د كه بۆته جه‌لادی گه‌له‌كه‌ی، ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی ئایندهی سووریا بكات".
له‌باره‌ی په‌كه‌كه‌وه فرایس وه‌بیریهێنایه‌وه كه په‌كه‌كه له لیستی تیرۆری یه‌كێتیی ئه‌ورووپادایه و وڵاته‌كه‌ی ئیدانه‌ی چالاكییه چه‌كدارییه‌كانی ده‌كات كه له 22ی ته‌مووزی ساڵی رابردووه‌وه له توركیا ده‌ستی پێكردۆته‌وه.