ده‌ربه‌نده‌كانی ساكڵیكاپی و كاراله‌یله‌ك گه‌شتیاران بۆ لای خۆیان راده‌كێشن
- هه‌ریه‌ك له ده‌ربه‌نده‌كانی ساكڵیكاپی و كاراله‌یله‌ك ئاره‌زوومه‌ندانی سروشت و ئه‌و كه‌سانه‌ی خولیای وێنه‌گرتن ده‌كه‌ن، بۆ خۆیان راده‌كێشن.
Elazig
ئه‌لعەزیز- AA
هه‌ریه‌ك له ده‌ربه‌نده‌كانی ساكڵیكاپی و كاراله‌یله‌ك ئاره‌زوومه‌ندانی سروشت و ئه‌و كه‌سانه‌ی خولیای وێنه‌گرتن ده‌كه‌ن، بۆ خۆیان راده‌كێشن.
ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی له نزیك گوندی ئاكوشاغی سەربە شارۆچكه‌ی باسكیل و ده‌ربه‌ندی كاراله‌یله‌ك كه خاڵی كۆبوونه‌وه‌ی به‌نداوه‌كانی كه‌بان و كاراكایایه له سایه‌ی ئه‌و ناساندن و گه‌شتانه‌ی كه له لایه‌ن شاره‌وانی، پارێزگا و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندییداره‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی رێكخراون، رۆژ له‌دوای رۆژ ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانیان زیادده‌كات.
ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی كه له‌نێو سنووره‌كانی هه‌ریه‌ك له شارۆچكه‌كانی باسیل و كه‌بان-ه‌وه، له كه‌ناری به‌نداوی كاراكایا ده‌ست پێ ده‌كات له هه‌ندێك شوێن فراوانییه‌كه‌ی بۆ نیو مه‌تر كه‌م ده‌بێته‌وه و له هه‌ندێك شوێنی دیكه به‌رزاییه‌كه‌ی ده‌گاته ٢٠٠ مه‌تر، دۆڵه‌كه‌ی خواره‌وه‌ی نزیكه‌ی چوار كیلۆمه‌تر و ٥٠٠ مه‌تر درێژه، به هۆی سروشته بێهاوتا، ئه‌شكه‌وته‌كان، ریشاڵه به‌ردینه‌كان و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندیی دیكه‌ی دڵرفێنه‌وه، بووه‌ته شوێنیك كه سه‌ردانیكه‌ران به‌ره‌و لای خۆی راده‌كێشێت.
هاوكات ده‌ربه‌ندی كاراله‌یله‌ك كه له به‌نداوی كه‌بان-ه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و درێژییه‌كه‌ی كه ده‌توانی به به‌له‌م تێیدا بگه‌ڕێی ٤٠ كیلۆمه‌تره، به هۆی خواردنگه‌كانی ماسی، تاشه به‌رده‌كان، پێكهاته‌ی ئه‌شكه‌وته‌كان، نیشته‌جێبوون له ئه‌شكه‌وته مێژووییه‌كانیدا، دیمه‌نی چلووره و دره‌ختی نێو ئه‌شكه‌وته‌كان و چه‌ندین جۆر باڵنده‌ی جیاواز و سروشته نایابه‌كه‌یه‌وه، گه‌شتیاران به‌ره‌و لای خۆی ده‌بات.
سه‌ردانیكه‌ران كه له رێگه‌ی گه‌شتی مۆدێرنی یه‌خت و به‌له‌مه‌كان یان له رێگه‌ی به‌له‌می ماسیگره‌كانی ده‌ورووبه‌ر به گرووپ ده‌توانن به‌ئاسانی به ده‌ربه‌نده‌كاندا بگه‌ڕێن، له‌به‌رامبه‌ر جوانیی ئه‌و سروشته‌ی كه یه‌كه‌مجاریانه ده‌یبینن، سه‌ریان سووڕده‌مێنێت.
- "ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه بۆ گه‌شتیاریی جیهان"
به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباره كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان له شاره‌وانی ئه‌لعەزیز، ئه‌حمه‌د ئۆزده‌ن ئۆزه‌ن له چوارچێوه‌ی گه‌شتێكدا كه له لایه‌ن ده‌سته‌ی گه‌شه‌پێدان و هونه‌ری كولتووریی فوراتی سه‌روو و شاره‌وانی ئه‌لعەزیز سازكرابوو، له‌گه‌ڵ مامۆستایانی زانكۆی فورات سه‌ردانی ده‌ربه‌نده‌كانی كردبوو، روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی گه‌شته‌كه دایه په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو.
ئه‌حمه‌د ئۆزده‌ن ئۆزه‌ن جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه کە ده‌ربه‌نده‌كانی ساكڵیكاپی و كاراله‌یله‌ك ته‌نها بۆ ئه‌لعەزیز و توركیا نا به‌ڵكو له رووی گه‌شتیاریی جیهانییشه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی گرنگە.
ئۆزه‌ن باسی له‌وه‌كرد له میانی گه‌ڕان به ده‌ربه‌نده‌كاندا سه‌ریان له‌و سروشته‌ی كه بینیویانه سووڕماوه و گوتی: "سه‌باره‌ت به ده‌ربه‌نده‌كان ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستمان بێت له گه‌شته‌كانی گه‌ڕاندن و ناساندنه گه‌شتیارییه‌كان، به باشترین شێوه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. ئه‌م جوانییانه به پارێزگا و وڵاته‌كه‌مان ده‌ناسێنین. له جیاتی ئه‌وه‌ی هاووڵاتییانمان به ئامانجی بینی شوێنێكی هاوشێوه بچن بۆ شوێنه دووره‌كان، ده‌مانه‌وێت ئه‌و جوانییه‌ی كه له خۆیانه‌وه نزیكه، پێیان بناسێنین و بۆیان شیبكه‌ینه‌وه".
- "له‌ئێستاوه بووه‌ته جێگه‌ی بایه‌خی هه‌موو توركیا"
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شه‌پێدان و هونه‌ری كولتووریی فوراتی سه‌روو، ئایگون چام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد کەهه‌ریه‌ك له ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی و كاراله‌یله‌ك كه تازه دۆزراونه‌ته‌وه، به هۆی كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندیان، جوانی سروشتییان، پێكهاته مێژووییه‌كانیان، بوونه‌ته جێگه‌ی بایه‌خی گه‌شتیارانی توركیا و بیانی و پێگه‌ی ئه‌لعەزیز له رووی توانای گه‌شتیارییه‌وه به‌هێز ده‌كه‌ن.
مامۆستا له به‌شی رادیۆ، ته‌له‌ڤیزیۆن و سینه‌ما له كۆلێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆی فورات، دكتۆر مسته‌فا ده‌میر باسی له‌وه‌كرد کە ده‌ربه‌نده‌كان شوێنی گرنگ جێگه‌ی بایه‌خ بۆ ئاره‌زوومه‌ندانی سروشت و ئه‌و كه‌سانه‌ی خولیای وێنه‌گرتن ده‌كه‌ن، هاوكات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رگه‌رمی یارییه‌كانی نێو سروشتن پێكده‌هێنن.
دكتۆر مسته‌فا ده‌میر باسی له‌وه‌كرد كه باوه‌ڕی وایه به تایبه‌ت ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی ده‌بێته ناوه‌ندێكی گرنگی راكێشانی گه‌شتیاران و گوتی: "به‌راورد به نموونه‌كانی له جیهاندا، جوانتر، سه‌رنجڕاكێشتر و ژینگه‌یه‌كی جیاوازی هه‌یه".
- "به به‌له‌م و رێگای وشكانیش ده‌كرێت رێگای گه‌یشتن ده‌سته‌به‌ربكرێت"
مامۆستا له به‌شی جوگرافیای كۆلێژی زانسته مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له زانكۆی فورات، دكتۆر تانه‌ر شه‌نگون ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد کە به هۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی كه تایبه‌تن و بێهاوتان، یه‌كێكه له دیارترین ده‌ربه‌نده‌كانی توركیا.
دكتۆر تانه‌ر شه‌نگون باسی له‌وه‌كرد سه‌رێكی ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی ده‌گاته ده‌ربه‌ندی كاراله‌یله‌ك و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كرێت سه‌ردانی هه‌ردوو ده‌ربه‌نده‌كه له یه‌ك رۆژدا بكرێت.
- "شوێنێكه كه پێویسته هه‌مووان بێن و بیبینن"
یه‌كێك له سه‌ردانیكه‌رانی ساكڵیكاپی، ئه‌ندازیار ئۆزگول ئۆزتورك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد کە یه‌كه‌مجاریه‌تی ده‌ربه‌نده‌كان ده‌بینێت و له جوانییان حه‌یران ماوه.
ئه‌و تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جگه له دوو خاڵی ده‌ربه‌ندی ساكڵیكاپی كه پێویستی به پێدا هه‌ڵگه‌ڕانه، شوێنی دیكه‌ی سه‌ختی نییه و گوتی: "له دوو خاڵدا ناچاربووم كه له‌سه‌ر به‌رده‌كانه‌وه باز بده‌م و به تاشه‌كاندا هه‌ڵبگه‌ڕێم. جگه له‌وه به هۆی جوانی شاهانه‌ی ده‌ربه‌نده‌كه‌وه سه‌رم سوڕما. پێویسته هه‌مووان بێن و بیبینن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن