کۆنیا
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی کردنەوەی بەکۆمەڵدا گوتاری پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تیایدا بەڵێنیدا کە ئیرادەی میللی هەمیشە باڵادەست بکا و بازنەی ئازادییەکان بەرفراوانتر بکا.
داودئۆغڵو باسی لە قۆناغی چارەسەریی کرد و گوتی: "لەمڕۆوە تا هەڵبژاردنی ٢٠١٥ی داهاتوو، چنگ لەسەر شان و شەو و رۆژ کار دەکەین، ئەوەش بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بەرینەوە بە سەرکەوتنێکی گەورەوە، دوای ئەوەش گرەنتی هەڵبژاردنی ٢٠١٩ و ٢٠٢٣ دەکەین، ئەگەر بمانەوێ لە ساڵیادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماردا ببینە هاوڵاتییەکی جیهان، دەبێ ئامادەبن، بە هێزێکی لە بن نەبڕاوەوە بەرەو هەڵبژاردنەکان دەچین، بە متمانە و بڕوایەکی تەواوەوە دەچینە سەر سندوقەکان، یەکەم هەنگاومان دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ رەوانەکردنی دەستووری کودەتاچییەکانە بۆ شوێنی خۆی و لە بری ئەو هێنانەکایەی دەستوورێکی نوێی ئازادیخوازی دیموکراتە، ئینشەلڵا پەرلەمان ئەوکات سەرلەنوێ دەستوورێکی ئازادیخوازانە دەنووسێتەوە. کە ئیرادەی میللی سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆسەر دەسەڵات. هاوشانی ئەوە ئینشەلڵا قۆناغی چارەسەریی بە ئامانج دەگەیەنین، جارێکی دیکە لەسەر ئەم خاکە برا برا ناشکێنێ، لە هەکارییەوە تا ئەدیرنە، لە ئارتڤینەوە تا موغڵا، هەموومان براین، هەموولایەک بێ ئەوەی لە ئەتنیک و رەگەزی یەکتر بپرسین یەکتری لەباوەش دەگرین."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا داودئۆغڵو ئاماژەی بە دەسەڵاتی پێکهاتەی هاوتەریب کرد و رایگەیاند کە هیچ کات رێگە بە دەسەڵاتێکی دیکە نادەن، هاوکات گوتی: "هەروەک چۆن کارمانکرد بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانەی میللەتەکەمان، ئاواش رێکخستنەوەی سیاسی و دەوڵەتیشمان بەوشێوەیە وەک ئەمانەتێکی پیرۆز دەگەینینە نەوەکانی داهاتوو."