Abdullah Shukur
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2017
بەھۆی شەش تاوانی جیا، داوای سزای زیندانی ١٠٣ ساڵ بۆ پەرلەمانتاری دیاربەکر لەسەر لیستی ھەدەپە نورسال ئایدۆغان دەکرێت.
دادگای سزای قورسی شرناخ پەڕاوێکی یاسای تایبەت بە ئایدۆغان قبووڵ کرد کە لە لایەن داواکاری گشتی شرنەخ ئامادەکرابوو.
لە پەڕاوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئایدۆغان فەرمانەکانی بەرپرسانی باڵای پەکەکەی بەجێھێناوە، سەرپەرشتی وەرگرتنی تەرمی چەکدارانی پەکەکە و ھاوکاری لە چارەسەرکردنی بریندارانی پەکەکەی داوە.
بە تاوانەکانی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی"، "پروپاگاندەکردن بۆ تیرۆر"، "وەسفکردنی تاوان و تاوانبار"، "ھاندانی خەڵک بۆ رق و کینە" و "ھاندانی خەڵک بۆ پابەندنەبوون بە یاساکانی وڵات"، داوای سزای زیندانی لە ٢٦ ساڵ تا ١٠٣ ساڵ بۆ پەرلەمانتاری دیاربەکر لەسەر لیستی ھەدەپە نورسال ئایدۆغان دەکرێت.
ئایدۆغان لە ٤ی تشرینی دووەم لە شاری دیاربەکر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی تیرۆر دەستگیر کرابوو، ناوبراو لە لایەن دادگای سزای شرنەخ دەستبەسەرکرابوو.