Abdullah Shukur
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکی گشتی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری ئاکپارتی پارێزگای ئیستانبوڵ لە ناوەندی گۆنگرەی خەلیج وتارێکی پێشکەش کرد.
داودئۆغڵو گوتی: "بەڕوونی دەرکەوت کە درۆی زۆر لەو پڕۆژەیەدا ھەیە کە ھەدەپە بەناوی (بەتورکیایی بوون) پێشکەشی کردووە. ئەوان بوون بە ناونیشانی نابەرپرسیارێتی و گوتەبێژی توندوتیژی، با خۆیان وەک خاوەن بەرپرسیارێتییەک سەبارەت بە تورکیا نیشان نەدەن".
داودئۆغڵو زیاتر گوتیشی: "سەرەڕای فشار، ھەوڵی کودەتا، تێکدانی ئەمنی، سووکایەتی و کردەی تیرۆریستی توانیومانە لەسەر پێی خۆمان بوەستین و سەرکەوتوو بین. نەک تەنیا رووبەڕووی فشارەکانی ناوخۆ بووینەتەوە بەڵکو کادیرانی ئاک پارتی شەو و رۆژ کاریان کردووە و باوەشیان بۆ کێشەکانی دەرەوەی وڵاتیش کردۆتەوە. خاوەنی ئەم سەرکەوتنەش ئاک پارتی نییە، بەڵکو گەلە خۆشەویستەکەمانە".
داودئۆغڵو لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری، کەمال کڵچدارئۆغڵو لەبارەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەوانەی لە 1ی تشرینی دووەمدا تووشی شکستی گەورە بوون، پێناچێت ھێشتا وانەیان وەرگرتبێت. بەداخەوە پێناچێت. کەمال کڵچدارئۆغڵو بەو گوتەی کە لە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا دوێنێ پێشکەشی کرد ئەوەی نیشان دا. لە کۆنگرەی پارتەکەیدا بە شێوازێک کە شیاو نییە بۆ سەرکردەی پارتێک، ھەستا بە کاردانەوە نیشاندان دژی باڵاترین پێگەی دەوڵەتەکەمان کە سەرکۆمارمانە و تۆمەتباری کرد. جنێو بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێتەوە. ئەو تۆمەتەی خستیە پاڵ سەرکۆمارمان، وەک خۆی بۆی دەنێرمەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو کاردانەوەی دژی کڵچدارئۆغڵو نیشاندا لەسەر بەکارھێنانی دەستەواژەی دیکتاتۆر بۆ سەرکۆماری تورکیا و گوتی: "بەکارھێنانی دەستەواژەی دیکتاتۆر بۆ سەرکردەیەکی سیاسیی کە لە تەواوی تەمەنی سیاسییدا، بۆ ھەموو کێشەیەک دەڵێت فەرموون با بچینە بەردەم گەل، دیموکراسیی لە سندووقەکاندایە واتە ئیرادەی گەلە، تەنھا خۆ ھەڵخەڵەتاندنە. چونکە گەل ھەرگیز نەخەڵەتاوە".
داودئۆغڵو لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد گوتی: "تیرۆر ئەوەندە شتێکی قێزەونە کە لە جوانترین شوێنی زەوی، لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد کە یەکێکە لە کۆنترین ئاسەوارە بە نرخەکانی مێژوو تەقینەوە ئەنجام دەدرێت و کەسانی بێتاوان دەکوژرێت. پەلامارەکەی سەر مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد یەکێکە لە نموونەکانی تیرۆر".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆتایی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا دەیەوێت کۆتایی بە تیرۆر بھێنێت. بەم پێیەش گوتی: "تەنھا ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەو تیرۆرە لەناوببەین کە ھێزە ئەمنییەکانمان شەھید دەکەن، ھەڕەشە لە ھاووڵاتیانمان دەکەن و دەیانکوژن، دوکانی دوکانداران دادەخەن و تاڵانی دەکەن. منداڵانی بچووکی کورد ھەڵدەخەڵەتێنن و ئەو دەستانەیان کە پێویستە قەڵەم بگرێت چەکی پێدەگرن و بۆ مەرگیان دەنێرن، ستەم لە تورک، کورد، عەرەب و زازا دەکەن. تەنھا مەبەستمان ئەوەیە ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ھاووڵاتیانەمان دەستبەر بکەین کە زیانلێکەوتووی تیرۆرن لەناوچەکەدا".