Mohammed Baqi Hussein
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2016
هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هۆڵی كۆنفرانسی یەكێتی ژووری پارێزەرانی توركیا كە یەكەم كۆنفرانسی ئاسایی هەدەپەی تێدا بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
دەمیرتاش لەوەڵامی پرسیارێكدا کە سەبارەت بە پەلامارەكەی پەکەکە لە شارۆچکەی چنای سەربە دیاربەکر ئاراستەی كرا، داوای كرد لەسەر پێشێلكردنی مافی خەڵكی سڤیل، منداڵان، كۆرپەكان، ژنان و تەرمەكان ورد ببنەوە.
دەمیرتاش رایگەیاند: "ئەوەی پەلامار ئەنجام دەدات هەركەسێك بێت، پێویستە رەخنەی لێبگیرێت. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە لانیكەم هەمووان هەوڵبدەن خۆیان بەدوور بگرن لەو چالاكی و پەلامارانەی كە راستەوخۆ خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج یان زیانیان پێدەگەیەنێت. راستترین ئەوەیە كە پێكدادانەكان بەگشتی رابگیرێن، بەڵام مادام راناگیرێن، پێویستە هەمووان باش بزانن كە بەتوندی لە كۆمەڵگاوە رەخنەیان لێدەگیرێت لەسەر كردنە ئامانجی خەڵكی سڤیل".
دەمیرتاش گوتی: "بۆ پەلامارەكەی چناریش ئەوەم دەربڕیبوو. ئەوانیش لای خۆیانەوە روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە".
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەشی كرد كە لە ئۆپەراسیۆنەكان دژی پەكەكەدا ژمارەیەكی زۆر منداڵ، ژن، كۆرپە و خەڵكی سڤیل كوژراون و رایگەیاند، ئەگەر لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت، ئەو راستییانە روون دەبنەوە.