Abdullah Shukur
02 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2015
ھەردوو ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی نافەرمی ھەڵبژاردن کرد.
دەمیرتاش رایگەیاند کە ئەوان رێز لە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەگرن و چاوەڕێی ئەوەش دەکەن کە ھەموو کەسێک رێز لە ئیرادەی گەل بگرێت.
"سەرکەوتنێکی گەورەی ھەدەپە لە ئارادایە"
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش: "سەرکەوتنێکی گەورەی ھەدەپە لە ئارادایە بەڵێ یەک ملیۆن دەنگمان لەدەست دا. بەڵێ لە ٧ی حوزەیرانەوە ژمارەی دەنگدەرانمان کەمی کردووە بەڵام ئێمە پارتێکین کە سەرکەوتوو بووین لە دژایەتی سیاسەتی کۆکوژی و فاشیزم".
دەمیرتاش هەروەها گوتیشی: "خولی نوێی پەرلەمان بە کێشەی گەورە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەست پێ دەکات. ئێمە ھەمیشە لە پەرلەمان دژی درۆ و لایەنگری راستی بوون. ھەر بەم شێوەیەش لایەنگری ھەر راستییەکی حکوومەتی نوێ دەکەین و دژی ھەڵەکانیش دەوەستینەوە، دژی ستەم دەوەستینەوە".
لەلایەکی دیکەشەوە ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ رایگەیاند کە تورکیا لە ژێر باری نائاسایی ھەڵبژاردنی ١ی تشرینی دووەمی ئەنجام داوە.
ئەو هەروەها راشیگەیاند کە لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران ئەنجامی باش بەدەست کەوتووە بەڵام بەھۆی پێشھاتەکانی دەرەکی ئەو ئەنجامە ھەژمار نەکراوە و گەل ناچار کراوە کە رووبەڕووی ھەڵبژاردنێکی دیکە ببێتەوە.