Muhammet Ali Kemal
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ بانگەشەی ئەوەیکرد تاوانێکی یاسایی و دامەزراوەیی دژی رادیۆی ئۆزگور ئەنجامدراوە.
فیگەن یوکسەکداغ سەردانی بارەگای رادیۆی ئۆزگور لە ناوچەی کادیکۆی کرد کە لەچوارچێوەی بڕیارنامەی ژمارە 668دا رۆژی 29ی ئەیلوول بڕیاری داخستنی درا.
یوکسەکداغ لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد لە تورکیا رادیۆ و تەلەڤزیۆنە نەیارەکان هەوڵدەدرێت لەرێگەی داخستن و وەستاندنی پەخشەکانیانەوە سزابدرێن.
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە جەختی لەوەکردەوە دامەزراوەکانی دیکەی هاوشێوەی رادیۆی ئۆزگور رۆژە سەختەکان تێدەپەڕێنن و گوتی: ''بەڵام ئەوانەی ئەم بڕیارانە دەدەن، ئەوانەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجامدەدەن، لە تۆمارەکانیاندا، لە مێژوویاندا بە نەنگییەکی زۆرەوە، بەم پەڵە رەشەوە یاددەکرێنەوە''.
فیگەین یوکسەکداغ باسی لەوەکرد داخستنی دەزگاکانی راگەیاندن تەنها تاوانێک نییە بەرامبەر بە دەزگاکان، بەڵکو تاوانێکە لەدژی گەل ئەنجامدراوە و گوتی:
''کۆمەڵگە ئاستێکی زانیاریی، توانای تێگەیشتن و دادوەریی هەیە. خاوەنی هەڵوێستێکە کە هەر بۆچوونێک، بیرۆکەیەک، سیاسەتی پشتەوەی پەخش و بەرنامەیەک دوای ئەوەی کە بەفلتەری خۆیدا تێپدەپەڕێنێت، دادوەریی لەبارەیەوە دەکات، کۆمەڵگە ئەو توانایەی هەیە. زەوتکردنی ئەم مافەی بەدەستگەیشتنی زانیاریی، گەورەترین تاوانێکە کە بەرامبەر بە گەلێک ئەنجامدەدرێت. تەماشابکەن، لێرەدا تەنها دژی دەزگاکانی راگەیاندن تاوان ئەنجام نادرێت. ئەگەر لە من دەپرسن، تاوانێکی یاسایی و دامەزراوەیی دژی رادیۆی ئۆزگور ئەنجامدراوە. بەڵام گەورەترین تاوان بەرامبەر گەل، بینەر، بیسەر و خوێنەران ئەنجامدراوە. مافی ئەوان زەوتکراوە. هەربۆیە پێویستە هەمووان خاوەندارێتیی لە دەنگی خۆیان و ئیرادەی خۆیان بکەن''.
یوکسەکداغ داوایکرد هەمووان پشتوانیی لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنە داخراوەکان بکەن.
لای خۆشیەوە بەرێوەبەری گشتیی بڵاوکردنەوە لە رادیۆی ئۆزگور، دەریا ئۆکاتان، ئاشکرایکرد ئەوان خوازیارن بڕیاری داخستنی هەموو رادیۆ و کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن هەڵبگیرێت.
هاوکات بەرپرسانی رادیۆکە ئاماژەیان بەوەکرد هێشتا هیچ بڕیارێکیان سەبارەت بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکەیان پێنەگەیشتووە و بەردەوامن لەسەر پەخشی بەرنامەکانیان.
لەچوارچێوەی بڕیارنامەی ژمارە 668دا کە مامەڵەی یاسای لەگەڵدا دەکرێت، رۆژی 29ی ئەیلوول بڕیاری داخستنی 12 کەناڵی تەلەڤزیۆن و 11 بەتۆمەتی درووستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی و خاوەندارێتیی لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.