15 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2020
ئەنقەرە- AA
لە ماوەی رابردوودا و لەسەر سنووری نێوان تورکیا-عێراق ھێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا زیادی کردبوو.
ھێزە سەربازییەکانی تورکیا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆسەر ٨١ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە ئەنجامدا.
بەر لە ئۆپەراسیۆنەکەیش ئامانجەکان دیاری کران و لە نیوە شەوی رابردوودا، حەشارگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی شنگال، قەندیل، زاب، ئاڤاشین، گارا و خواکورک خاپوورکران.
لە میانی پلاندانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، ھەوڵێکی زۆر دراوە تا سەر و ماڵی ھاووڵاتییان پارێزراو بێت و زیان بە ژینگە نەگات.
لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-ھەڵۆدا لە پاڵ فڕۆکە جەنگییەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەکارھێندراون و ئامانجە دیاریکراوەکان یەک لەدوای یەک بۆردومان کران.
ئەوەیش زاندراوە کە رێکخراوی تیرۆریستی بۆ پاراستنی خۆی پەنای بردووەتە بەر بەکارھێنانی ھاووڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی و دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی خەڵک لە گوندەکانی نزیک سنوور، بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی مەدەنیش بۆردومانکردنی چەند ئامانجێک ھەڵوەشایەوە و دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەسەلامەتی گەڕانەوە بنکە ئاسمانییەکانیان.
دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکەیش وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لەڕێی ئامیری بێتەلەوە پەیوەندی بەو فڕۆکەوانانەوە کرد کە بەشداری ئۆپەراسیۆنی چنگ-ھەڵۆیان کردووە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی لێ کردن.