Ramal Abdullah Mahmood
14 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2017
دیاربەکر – AA
سەرۆکی گشتیی هودا پار، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لەبارەی گشتپرسی گەڵاڵەنامەی گۆڕانکاری دەستوور کە رۆژی یەکشەممە ١٦ی نیسان بەڕێوە دەچێت، گوتی: "جەماوەری هودا پار لە ١٦ی نیساندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بە گشتپرسییەکە دەدەن".
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لە لقی دیاربەکری هودا پار بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە هەڵبژاردنەکەدا بەلانیکەمەوە لە سەدا ٥٥ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگ بە گشتپرسییەکە بدەن. هیوایشی خواست قۆناغی حوکمڕانی سیستەمی ویسایەت کۆتایی پێبێت.
سەرۆکی گشتیی هودا پار، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە هەڵەیە بگوترێت کورد بە 'نەخێر' دەنگ بە گشتپرسییەکە دەدات و بەمجۆرە ئاو دەکرێتە ئاشی هەدەپە، جەختیشیکردەوە کە بنکەی جەماوەری هەدەپە گوزارشت لە گەلی کورد ناکات و گوتی: "پێموانییە هەموو جەماوەری هەدەپە بە نەخێر دەنگ بدەن. ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت پێموایە بەشێک لەوانەی دەنگ بە هەدەپە دەدەن بە بەڵێ دەنگ بە گشتپرسییەکە دەدەن بەشێکیشیان ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەگەر رێژەبەندییەک لەبارەی ئەو کەسانەوە بکرێت کە دەنگیان بە هەدەپە داوە دەبینین کە رێژەکە زۆر زیاتر بووە. چونکە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت پێدەچێت هەدەپە ئەو دەنگدانەی لە ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەمدا بەدەستی هێنان، بەدەستیان نەهێنێتیەوە".
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە وەک هودا پار دەچنە سەر سندوقەکان و بە 'بەڵێ' دەنگ دەدەن و، گوتی: "جەماوەری هودا پار لە ١٦ی نیسان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بە گشتپرسییەکە دەدەن".