Muhammet Ali Kemal
06 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا تانژو بیلگیچ رایگەیاند توركیا لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاساییدا، گۆڕانكاریی لە سیستمی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراقی ئەنجام داوە و بەو پێیەش پێدانی ڤیزە لەسەر سنوور لە رێگەی مۆرەوە، هەڵدەگیرێت.
بیلگیچ لە وەڵامێكی نووسراودا سەبارەت بە پرسی ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لە سیستمی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراقی، ئاماژەی بەوەكردووە هاووڵاتییانی عێراق و هاووڵاتییانی توركیاش لەكاتی سەردانیاندا بۆ وڵاتانی یەكتر، پێویستییان بە ڤیزە هەبووە، لە رێگەی ئەم سیستمە نوێیەوە تەنها ژمارەیەك گۆڕانكاریی لە سیستمی پێدانی ڤیزەدا ئەنجام دراوە و جەختی لەوەكردووەتەوە ئەو گۆڕانكارییانە لەپێدانی ڤیزەدا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاساییدایە كە لەلایەن توركیاوە گیراوەتە بەر.
تانژو بیلگیچ ئاماژەی بەوەكردووە هاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتنی ڤیزەی ئەلیكترۆنیی و نووسیویەتی: ''بۆ ئەوەی بتوانن ڤیزەی ئەلیكترۆنیی وەربگرن، پێویستە ڤیزەیەكی ماوە بەسەرنەچوو یاخود مۆڵەتی مانەوەیان لە شنگن، ئەمریكا، شانشینی یەكگرتوو یان ئێرلەندا هەبێت. ئەو عێراقییانەی كە ئەم مەرجانەیان تێدا نییە، پێویستە لە ماڵپەڕی (http://www.visa.gov.tr)ەوە داواكاری وەرگرتنی ڤیزە پڕبكەنەوە و دوای ئەوەش لە رێگەی ئەو ڤیزەیەوە كە لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەمان بۆیان دەكرێت، دەتوانن سەردانی توركیا بكەن''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەوەڵامەكەیدا باسی لەوەش كردووە هاتنە ناوەوە بۆ توركیا لە رێگەی دەروازەی سنووریی خابور - شرناخەوە، بەهەمان شێوەی پێویستی بە وەرگرتنی ڤیزەیە لە نوێنەرایەتییەكانمان لە دەرەوە و رایگەیاندووە ''بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، پێدانی ڤیزە لەسەر سنوور لە رێگەی مۆرەوە، هەڵدەگیرێت''.