03 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2020
ساکاریا – AA
تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی یاریی ئاگرین لە شارۆچکەی ھەندەک لە پارێزگای ساکاریا رووی دا.
بەپێی زانیارییەکان، بەھۆکارێکی نادیار تەقینەوە لە کارگەیەکی یاریی ئاگرین لە ناوچەی یوکاریچاڵجا لە شارۆچکەی ھەندەک رووی داوە.
دەنگی تەقینەوەکە لە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوچە جیا جیاکانی شارۆچکەکە بیستراوە. دوای تەقینەوەکە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان ھاتوونەتە دەرەوە لە ماڵەکانیان.
ژمارەیەکی زۆر تیمی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
ھەروەھا وەزیری تەندروستی تورکیا روونکردنەوەیەکی لە بارەی ئەو تەقینەوەیەی لە شارۆچکەی خەندەقی سەر بە شاری ساکاریا روویدا، بڵاوکردەوە.
کۆجا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "تەقینەوەکە لە کارگەیەکی یاری ئاگرین لە شارۆچکەی خەندەقی سەر بە پارێزگای ساکاریا روویداوە، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، ٨٥ ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و دوو کۆپتەری ئەمبوڵانس نێردراونەتە شوێنی رووداوەکە".
کۆجا باسی لەوەش کردوە کە لەسەر فەرمانی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە نزیکەوە چاودێری ھەموو بەرەوپێشچوونەکانی تایبەت بە تەقینەوەکە دەکەن.