Utku Şimşek
14 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2024
ئەنقەرە - AA
سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویان کردەوە لەو سەردانەی وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر و وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان و سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن بۆ عێراق ئەنجامی دەدەن بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکرێت لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوور و، گفتوگۆ دەکرێت سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان وەک وزە.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارەکان لە بارەی سەردانی وەزیری بەرگریی گولەر و وەزیری دەرەوە فیدان و سەرۆکی میت کاڵن بۆ عێراق و، کۆبوونەوەی شاندی سەربازی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کە ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجامدرا، سەرچاوەکان ڕایانگەیاند:
"وەک دەزانن مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو لە ئەنقەرە لووتکەیەکی ئەمنیی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی ئەنجام درا. دووەمین لووتکەی ئەمەیش ئەمڕۆ لە عێراق ساز دەکرێت. لەم کۆبوونەوانەدا تاوتوێی تێگەیشتنی هاوبەش دەکرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەتایبەتی پرسەکانی هاریکاریی ئەمنیی و سەربازیی. لە کۆبوونەوەکەی ئەنقەرەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە "مەترسیی هاوبەشە" بۆ هەردوو وڵات. لەم لووتکەیەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکرێت لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوور و، گفتوگۆ دەکرێت سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان وەک وزە".
هەروەها سەبارەت بە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی تورکیا لەو دیو سنوور، سەرچاوەکان ڕایانگەیاند: "کۆبوونەوەکە لە سنوورەکانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ ئەنجامدرا. لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تاوتوێی ئاسایشی سنووری نێوان عێراق و تورکیا کرا، لەگەڵ ڕێوشوێنەکان بۆ زیادکردنی ئاسایشی هاووڵاتیانی عێراق. لە قۆناغی داهاتووشدا ئەم جۆرە کۆبوونەوە لە بواری هاریکاریی و هەماهەنگیی ئەنجام دەدرێن".