Ramal Abdullah Mahmood,Rewa Mahmut Hasan
06 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2017
بەر لە سەردانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەمریکا لە رێککەوتی ١٥-١٧ی ئایار، وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداغ سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز لەبارەی رادەستکردنەوە و دەستبەسەرکردنی کاتی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، فەتحوڵڵا گولەن کۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو کۆیکردوونەتەوە، بۆزداغ سبەی بەرەو ئەمریکا بەڕی دەکەوێت و رۆژی دووشەممەش لەگەڵ وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز لە واشنتۆن کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بۆزداغ زانیاری دەدا لەبارەی ئەو چوار دۆسیە جیاوازەی بەمەبەستی رادەستکردنەوەی گولەن رەوانەی ئەمریکایان کردوون و باس لە وردەکارییەکانیش دەکات لەبارەی لیکۆڵینەوە لە دۆسیەکان.
بۆزداغ زانیاری و بەڵگە لەبارەی هەوڵی کودەتاکە دەخاتە بەردەم هاوتا ئەمریکییەکەی کە بە فەرماندەیی و لە ژێر فەرمانی سەردەستەی تیرۆریستان، گولەن ئەنجام دراوە. هەروەها لەبارەی هەوڵی کودەتاکەوە داواکاری تورکیا بۆ دەستبەسەرکردنی گولەن بەشێوەی کاتی کە لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٦ ئاراستەی ئەمریکای کردبوو، دەخرێتە بەرباس.
دوای هەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز، قۆناغی تایبەت بە رادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن دەستی پێکرد و وەزارەتی دادی تورکیا لە ١٩ ی تەمووزی ٢٠١٦ دا چوار دۆسیەی تایبەت بە گولەنی رەوانەی ئەمریکا کرد و دواتر لە ١٠ ی ئەیلوولی هەمان ساڵ، بەتۆمەتی هەوڵی کودەتاکە، داوای دەستبەسەرکردنی کاتیی سەردەستەی فەتۆ، گولەن-ی رەوانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کرد.
لە ٢٢-٢٣ی ئابی ٢٠١٦ دا شاندێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا سەردانی ئەنقەرە کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دادی تورکیا کۆبوونەوە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک دۆسیە و بەڵگە نیشانی شاندەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا درا.
لە ٢٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ شاندێک لە وەزارەتی دادی تورکیا بەسەرۆکایەتی وەزیر، بەکر بۆزداغ سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ هاوتاکەی پێشووی، لۆرێتا لینچ لە واشنتۆن کۆبوونەوە.
بۆزداغ لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە گولەن سەرپەرشتی هەوڵی کودەتاکەی١٥ی تەمووزی کردووە و هەستیاری تورکیای لەبارەی دەستبەسەرکردنی کاتیی و رادەست کردنەوەی ناوبراوی گەیاندبووە بەرپرسان.
وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداغ لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ترەمپ و وەزیری نوێی دادی ئەمریکی سێشنز، لە شوباتی ئەمساڵدا زانیاری لەبارەی رادەست کردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن رەوانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کردبوو، لە ٢٢ ی ئازاری ٢٠١٧ دا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێشنز،بۆزداغ رایگەیاندبوو کە رادەست کردنەوەی گولەن بە تورکیا زۆرەملێیە.