Sangar Hamad Azeez
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا و جێگری سەرۆكوەزیران نومان كورتوڵموش رایگەیاند "توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەموو كاتێك رێزی لە سەروەری خاكی عێراق گرتووە. بوونی توركیا لە هەرێمی كوردستان لە دژی حكوومەتی مەركەزی عێراق نییە. بە پێچەوانەوە بوونمان لە هەرێمی كوردستان هێز دەبەخشێت بە حكوومەتی ناوەند لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش. توركیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە تەك عێراق دایە و پاڵپشتی لەو وڵاتە دەكات".
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا و جێگری سەرۆكوەزیران نومان كورتوڵموش گوتی: "دوای ئەوەی كە ئەنجوومەنی وەزیران خوێندنەوە بۆ بوودجەی ٢٠١٦ دەكات پرۆژە یاساكە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت".
كورتوڵموش باسی لە پرسی ناردنی هێزی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لەم چەند رۆژەی دواییدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بە درێژی باسی لێوە كراوە.
نومان كورتوڵموش گوتی: "لە ئێستادا ژمارەیەك بابەت هەن كە دەمەوێت تیشكیان بخەمە سەر. یەكەم، توركیا بەشێكە لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كە بەرەنگاری داعش بووتەوە، هەروەها ئەندامێكی كارایە لە هاوپەیمانێتیەكە. لەم چوارچێوەیشدا نەك تەنیا لە سووریا بەڵكو لە باكووری عێراقیش توركیا رووبەڕووی داعش دەبێتەوە، بوونی توركیا لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە لەو ناوچەیە زۆر بەهێزەوە رووبەڕووی داعش دەبنەوە. بابەتی دووەم، توركیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەشێوەیەكی بەرچاو یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگە دەدات و هەروەها بەمەبەستی رزگاركردنی مووسڵ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پاسەوانی نیشتیمانی دەكات. ئەم كارەش لە چوارچێوەی یاسادایە و تاكو ئێستاش توركیا رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە ناوچەكە. سێیەم، توركیا تازە نییە كە دەچێتە ئەو ناوچە. توركیا لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٤ەوە لە ناوچەكەیە. بەتایبەتی لە ئاداری ٢٠١٥ەوە توركیا لە كەمپەكانی سەربازی ناوچەكە راهێنان و مەشق بە پێشمەرگە و پاسەوانی نیشتیمانی دەكات. لەم چوارچێوەیەشدا تاكو ئێستا مەشق بە دوو هەزار و ٤٠٠ كەس كراوە.
ناوبراو گوتی: "بابەتەكە بابەتێكی تەواو یاساییە و میدیاكانی جیهان بوونی هێزی سەربازی توركیایان لە عێراق گەورە كردووە".
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا گوتی: "لە هەستیاری حكوومەتی عێراق دەگەین سەبارەت بە بابەتەكە. هەروەها رێز لە هەڵوێستیان دەگرین بەڵام بە ناوی حكوومەتی توركیاوە دەڵێین سەرگەرمی ئەنجامدانی ئەركین لە عێراق. توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەموو كاتێك رێزی لە سەروەری خاكی عێراق گرتووە. بوونی توركیا لە هەرێمی كوردستان لە دژی حكوومەتی مەركەزی عێراق نییە. بە پێچەوانەوە بوونمان لە هەرێمی كوردستان هێز دەبەخشێت بە حكوومەتی ناوەند لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش. توركیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە تەك عێراق دایە و پاڵپشتی لەو وڵاتە دەكات. وەزیری بەرگری وڵاتەكەمان عیسمەت یڵماز لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە وەزیری بەرگری عێراق خالد عوبەیدی-یەوە كرد، سەبارەت بە باتەكەش زانیاری تەواوی بە ناوبراو دا. هەر سەبارەت بە بابەتەكە دوێنێ سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كرد و تێیدا وردەكاری هۆكاری هاتنەناوەوەی هێزی توركیا بۆ نێو خاكی عێراقی خستە روو. هەروەها ئەوەیشی راگەیاند كەوا تاكو ئەمڕۆش توركیا رێزی لە سەرەوەری خاكی عێراق گرتووە، بەهۆی هەستیاری حكوومەتی ناوەندەوەش سەربازی زیاتر رەوانەی عێراق ناكەین".
گوتیشی: "توركیا كە لەبابەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش یارمەتی عێراق دەدات بەتایبەتی كە لە نزیك مووسڵ و لە مەودایەكی نزیك لە داعش مەشق و راهێنان بە پاسەوانانی نیشتیمانی دەكات و ئەمەش مەترسی لەسەر گیانی سەربازان درووست كردووە و هەربۆیەش سەربازی زیاترمان بۆ ناوچەكە نارد. بەڵام بەداخەوە كە بەهۆی ئەو كارەوە رووبەڕووی كۆمەڵێك رەخنە بوینەوە. بوونی ئەو هێزەی توركیا لە عێراق بەهیچ شیوەیەك هەڕەشە نییە بۆ ئەم وڵاتە بەڵكو ئامانجمان پاڵپشتی كردنی عێراقە".