بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاری دەم پارتی سڕی سوورەیا ئۆندەر کۆچی دوایی کرد
- بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستانبوڵ، سڕی سوورەیا ئۆندەر دوای ١٨ڕۆژ لە نەخۆش کەوتنی، بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی، کۆچی دوایی کرد.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستانبوڵ، سڕی سوورەیا ئۆندەر دوای ١٨ڕۆژ لە نەخۆش کەوتنی، بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی، کۆچی دوایی کرد.
لەم بارەیەوە نەخۆشخانەی Florence Nightingaleی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، ئوندەر لە کاتژمێر ٢٢:٤١ خوولەکی ڕۆژی ١٥ی نیسانی بە ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن لە کاتێکدا بێهۆش بوو و هەناسە و دڵی لە ژێر مەساجکردندا بوو، هێنراوەتە نەخۆشخانە.
نەخۆشخانەکە وێڕای باسکردنی لە قۆناغەکانی فریاکەوتنی سەرەتایی و خستەژێر چاودێری چڕی سڕی سوورەیا ئۆندەر لە بەشی چاودێری تایبەت، ڕایگەیاند، بە ڕێگەی ئامێری یارمەتیدانی دڵی، چارەسەری بۆ دەکرا بەڵام ڕۆژانە مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر دەبوو و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جەستەی لەکار کەوتبوون.
هەروەها ڕاشگەیەندرا کە، "بەڕێز سڕی سوورەیا ئۆندەر سەرەڕای هەموو هەوڵە پزیشکییەکان، دوای ١٨ڕۆژ لە نەخۆش کەوتنی، بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی، کاتژمێر ١٦:١٠ خوولەکی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. سەرخۆشی لە هەموو ئازیزان و لەسەروویانەوە کەسوکاری دەکەین".
- ژیاننامەی سڕی سوورەیا ئۆندەر
سڕی سوورەیا ئۆندەر لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٢ی ئادیامان بوو. ئەو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە ئادیامان تەواو کرد و دواتر لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە وەرگیرا بەڵام بە هۆی کودتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ نەیتوانی خوێندنەکەی تەواوی بکات.
ئەو باوکی یەک منداڵە.
ئۆندەر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان دژ بە کودتاکە دەستگیر و بڕیاری بەندکردنی بۆ ماوەی ١٢ ساڵی بەسەردا سەپا، و حەوت ساڵ لە بەندیخانەدا مایەوە.
سڕی سوورەیا ئۆندەر بەشێکی ژیانی بە کارکردن لە بوای سینەماییدا تەرخان کرد و لە هەرکام لە بوارەکانی ئەکتەری، دەرهێنان، سیناریۆنووسین، ئەزموونی پێویستی هەبوو. فیلمی "Beynelmilel" لە دەرهێنانی سڕی سوورەیا ئۆندەر لە فێستیڤالی نێودەوڵەتی فیلمی ئادانا لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەک یەکەمین فیلم دیاری و خەڵاتی ئاڵتوونی پێ بەخشرابوو.
سڕی سوورەیا ئۆندەر لە هەرکام لە خوولەکانی ٢٤ (لە بازنەی ئیستانبوڵ)، ٢٥ و ٢٦ (لە بازنەی ئەنقەرە) ئەندامی پەرلەمان بوو و لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ و لە "قۆناغی چارەسەری"یشدا ئەندامی شاندی هەدەپە بوو بۆ دیدار لەگەڵ ئیمڕاڵی.
ئۆندەر دوای ئەوە بە هۆی پروپاگەندەکردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی، بڕیاری سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرابوو، لە ساڵی ٢٠١٩دا ئازاد و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەسەر لیستی دەم پارتی لە بازنەی ئیستانبوڵ وەک پەرلەمانتاری خوولی ٢٨مین هەڵبژێردرا.
سڕی سوورەیا ئۆندەر کە بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بوو، هاوکات ئەندامی شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدار لەگەڵ ئیمڕاڵی.