Süleyman Elçin,Gülsem Adam
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
ئانتالیا - AA
بارانبارینی بەلێزمە و گەردەلوول لە شاری ئانتالیا باشووری رۆژئاوای تورکیا، کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە.
بارانبارین کە کاتەکانی شەو لە ناوچەکە دەستی پێ کرد و ناو بە ناو توند دەبوو، بووە هۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر ئاو لەسەر شەقام و رێگاوبانەکان.
بەهۆی بارانەکەوە لە هەندێک ناوچەدا، هاتوچۆ پەکی کەوتووە.
هاوکات هەڵکردنی بایەکی توند لە شارەکە لە چەند شوێنێکدا، درەختی شکاند و چەرداخی خست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا و زیانی بە سەقفی سەربانی بیناکان گەیاند.
بەهۆی گەردەلوولەوە، شەپۆلەکان لە بەندەری کالەیچی چوار مەتر بەرز بووەتەوە، راوچیانی ماسیش هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەلەمەکانیان بەهۆی شەپۆلەکانی دەریاوە زیانیان بەرنەکەوێت.
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، بە مۆبایلەکانیان دیمەنی شەپۆلە بەرزەکانی دەریایان لە کەناراوی کۆنیائالتی وێنە گرت.
بەڕێوەبەری کەشناسی ناوچەکە، مەهمەت لەتیف گولتەکین باسی لەوە کرد کە زۆرترین باران لە قەزای کەپەز باریوە.
مەهمەت لەتیف گولتەکین باسی لەوەیش کرد کە خێرایی با لە کولومجا گەیشتووەتە ٧١،٤ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و گەردەلوول و بارانبارینی بەلێزمە بەدرێژایی رۆژ بەردەوام دەبێت.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە دوای ٢٥ رۆژ، ناوەندی ئانتالیا بارانی لێباریوە و ناو بە ناو باران بارینەکە بەردەوام دەبێت.