Ali Kemal Akan
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، دەستووری ئێستایە کە بەرهەمی کودەتایە و رایگەیاند: ''لە راستییدا ناتوانین ئەوە هەرس بکەین کە بە دەستووری کودەتا پێشوازی بکەین لە ١٠٠مین ساڵیادی کۆمار. دەمانەوێت بەو خەباتە سەختەی لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لە بواری دادوەرییدا ئەنجامی دەدەین، بە دەستوورێکی مەدەنی و گشتگیر پێشوازی لێ بکەین و یادی بکەینەوە''.
لە میانی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی تیروپشکی دادوەریی دادگای باڵا، داواکارانی گشتیی کۆماریی و دادوەرانی دادگای کارگێڕی کە لە ناوەندی کۆنگرەی گەل و کولتووری بەشتەپە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە گرنگترین کارە لەپێشینەکانیان لە ٢٨مین قۆناغی یاساداناندا (خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا) رزگارکردنی تورکیایە لە دەستووری سەردەمی کودەتا.

سەبارەت بە جێگریی دادوەر و داواکاری گشتیی، ئەردۆغان رایگەیاند: ''لە قۆناغی داهاتووەوە بە کرداریی دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی ئەم کرانەوەیە''.
گوتیشی: ''لە راستییدا ناتوانین ئەوە هەرس بکەین کە بە دەستووری کودەتا پێشوازی بکەین لە ١٠٠مین ساڵیادی کۆمار. دەمانەوێت بەو خەباتە سەختەی لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لە بواری دادوەرییدا ئەنجامی دەدەین، بە دەستوورێکی مەدەنی و گشتگیر پێشوازی لێ بکەین و یادی بکەینەوە''.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە جەخت لەوە دەکەنەوە نابێت جارێکی دیکە گەل دووچاری ئازارەکانی وەک هەوڵەکانی ١٧-٢٥ی کانوونی یەکەم و ناپاکی ١٥ی تەمووز ببێتەوە.
راشیگەیاند: "ئەوانەی عابەی دادوەری دەپۆشن و لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڕیار دەدەن، ناتوانن ببنە پشتیوانمان. پێوانەی دادپەروەریی، کاردانەوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو یاسا و رێسایە".

