Ali Ballı
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
موغلا - AA
قۆناغی یەکەمی چوارەمین پێشبرکێی نێودەوڵەتیی یەخت کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە ساز دەکرێت، لە شارۆچکەی بۆدروم سەربە پارێزگای موغلا دەستی پێ کرد.-
پێشبرکێکە بە ھاوکارییەکانی وەزارەتی لاوان و وەرزش و وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا بە پاڵپشتی پارێزگاری موغلا و بە سپۆنسەری سەرەکی کۆمپانیای DHL Express و ھەماھەنگیی فیدراسیۆنی کەشتیوانی تورکیا، لەلایەن یانەی پێشبڕکێی یەختەکانی دەریای کراوەی ئیستانبوڵەوە رێکدەخرێت و وەرزشوانان لە سەرتاسەری جیھان بۆ بەدەستھێنانی پاڵەوانییەتەکە ھەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ.

پێشبرکێیەکە کە کەشتیوانان و ھەوادارانی یەخت کۆدەکاتەوە، دوای تێپەربوون لە رێڕەوێکی سەخت بە ئاراستەی بۆدرووم-مارماریس- بۆدرووم کە کۆی گشتی لە ٢٥٠ میلی دەریایی پێکدێت، لە ٢٩ی تەمووز لە گەڕەکی یەلیکەواکی شارۆچکەی بۆدرووم کۆتایی پێدێت.
ھاوکات باڵا و کێشی ئەو وەرزشوانانەی کە لە بەلەمەکانی جۆری "IRC" و "Traveler" کە درێژییەکەی لە ٩ بۆ ١٥ مەترە رکابەری دەکەن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پێشبڕکێیەدا. ئەو تیمانەی کە لەسەر بەلەمەکان کێبڕکێ دەکەن لانیکەم دوو کەس و زۆرترینیان ١٥ کەسن.
پاڵەوانانی جامی سەد ساڵەی ھالیکارناس خەڵاتەکانیان لە رێوڕەسمێکدا کە لە ٣٠ی تەمووز لە قەڵای بۆدرووم بەڕێوەدەچێت، وەردەگرن.

سەرۆکی یانەی پێشبڕکێی یەختەکانی دەریای کراوەی ئیستانبوڵ، ئەکرەم یەملیھائۆغڵو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان لە بەلەمی لیژنەکەوە لە کەناراوەکانی بۆدرومەوە چاودێری پێشبرکێیەکە دەکەن.
ئەکرەم یەملیھائۆغڵو راشیگەیاند کە سەرەڕای بوونی بایەکی بەھێز، پێشبرکێیەکە بێ کەموکورتی بەڕێوەدەچێت و گوتیشی: "پێشبرکێیەکە بە رکابەرییەکی بەهێز بەردەوامە. پێشبینی دەکەین کە ھەموو بەلەمەکان بەیانی زوو مارماریس تێپەڕێنن. زیاتر لە ٤٥٠ وەرزشوانمان ھەیە لە ٤٥ تیپدا لە ١٤ وڵاتی جیاوازەوە. ساڵانە بەشداریکردن لەو پێشبرکێیە لە زیادبوون دایە و ئەمەش ئێمە دڵخۆش دەکات".