Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە قودس سەر لە ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری ئەڵمانیا، فرانک واڵتەر شتانمایەر و سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباسدا پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەستکەوتوون، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لەو بڕیارە کراوە کە رۆژی پێشتر لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان درا سەبارەت بە نایاساییبوونی بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی شارەکەوە.
هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا جەخت لەوەشکراوە بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەرووی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە گرنگیی ئێجگار زۆر هەیە و تیشک خراوەتە سەر ئەوەش دەنگدانەکە پابەندیی بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردووەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاسی هاوتا ئەڵمانییەکەی بۆ پشتیوانییان لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە هەڵوێستی هۆشیارانەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لەو بارەیەوە.
ئەمە جگە لەوەی هەریەک لە ئەردۆغان و شتانمایەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیاندا جەختیان لەسەر گرنگیی هەوڵەکان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
هاوکات لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی فەڵەستیندا هەردوو خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بەوەی کۆی جیهان دانی بە هەڵەبوونی بڕیارەکەی ئەمریکادا ناوە، دەربڕیوە و هەروەها هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا پشتیوانییەکان بۆ دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەهێزبکرێن و لەو پێناوەشدا هەردوو لە هەوڵەکانیان بە هەماهەنگی یەکتر بەردەوام بن.
لای خۆیشییەوە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەهۆی پشتیوانییان لە فەڵەستینییەکان لە بابەتی قودسدا کردووە.
سەرکۆماری تورکیا لە هەر دوێنێ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە بارەی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردبوو، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غوتەی خۆرهەڵات لە سووریا کرابوو.