ئەنقەرە – AA
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان چۆنێتیی پێشخستنی زیاتری هەماهەنگییەکان لە بواری بارزگانیی و وەبەرهێنان، ژێرخان، ئاوەدانکردنەوە، ئەندازیاریی، بەرگریی و وزە تاوتوێ کرا و هەردوولا لەبارەی پێشهاتەکانی یەمەن، سوودان، ئێران، میسر و فەڵەستینەوە دوان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەقی ئەو راگەیەنراوە هاوبەشەی بڵاوکردەوە کە سعوودیە و تورکیا دوای سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان لە ١٧ی تەمووز بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دەریانکردەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد بن سەلمان پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرکۆماری تورکیا و ئاماژەی بە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی کرد دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە بۆ تورکیا رەوانە کران.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە فراوانکردنی هەهامەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەبێتە مایەی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە و هاتووە: "هەردوولا جەختیان لە گرنگی کاراکردنی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی تورک و سعوودیە کردەوە بۆ زیاتر پێشخستنی پڕۆژە هاوبەشەکان. چاو خشێندرایەوە بە رۆڵی هەردوو وڵات لە بەرامبەر ئاڵنگارییە هەرە گرنگەکانی بەردەم ئابووری جیهانیی لە بواری بارزگانی و وەبەرهێنان. چۆنێتیی پێشخستنی زیاتری هەماهەنگییەکان بە تایبەت لە بواری بارزگانیی و وەبەرهێنان، ژێرخان، ئاوەدانکردنەوە، ئەندازیاریی، بەرگریی، پیشەسازیی، ژینگە، میراتی کولتووریی و وزەی نوێبۆوە تاوتوێ کرا و جەختیش لەسەر پشتیوانیکردن بۆ رەخساندنی زەمینەسازی کرایەوە بە مەبەستی گونجاندنی ئابووریی بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەردوولا هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات پتەوتر و بەرهەمدارتر ببن و بۆ ئەم مەبەستەیش تاوتوێی چۆنێتی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئاسانکاری وەبەرهێنان بۆ ئەم کەرتە و رێگاکانی جۆراوجۆرکردن و پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات کرا و تیایدا هاتووە: "هەردوولا ستایشی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی تورک-سعوودیەیان کرد کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ و بە بەشداری زیاتر لە ٢٨٠ هەزار کۆمپانیای هەردوو وڵات بەڕێوە چوو و تیایدا ١٢ گرێبەست واژوو کرا، هەروەها خۆشحاڵیان دەربڕی بە ئەنجامدانی کۆڕبەندەکە لە بواری گەشتیاری کە بڕیارە لە مانگی ئاب لە ئیستانبوڵ ساز بدرێت".
- بژاردەکانی هەماهەنگی لە بواری وزەدا
راگەیەنراوە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوە داوە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهانیی کردووەتەوە و نووسیوویەتی: "تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیووە بە رۆڵی شانشینی سعوودیە لە راگرتنی هاوسەنگی بازاڕی نەوتی جیهانی بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەری نەوتدا بێت و بە جۆرێک گەشە بە ئابووری بدرێت کە بەردەوام بێت. هەردوولا خواستی خۆیان خستە روو بۆ دۆزینەوەی بژاردەی گونجاو بۆ وزەی نوێبۆوە، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بواری تەزووی کارەبا، هەناردەکردنی کارەبا لە سعوودیەوە بە رێگای تورکیا بۆ ئەورووپا، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هایدرۆکاربۆن بۆ تەکنەلۆجیای پاک و سووتەمەنی کاربۆن کەمی وەک هایدۆرجین".
- دەرفەتی دەستپێشخەری هاوبەش بۆ کەرتی پێترۆکیمایی کرا
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان کردووەتەوە لە کەرتی وزە بە نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و پێترۆکیماییەوە، تیایدا هاتووە: "هەروەها وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی کارکردن بە هایدۆرجینی پاک بە باشترین شێوە و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لەم بارەیەوە، تاوتوێی دەرفەتی دەستپێشخەری هاوبەش بۆ کەرتی پێترۆکیمایی کرا. هەردوولا هەماهەنگییەکانی نێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵاتیان بۆ زیاتر بەکارهێنانی سەرچاوە خۆجێیەکان و گەیشتنی خستنەبازاڕی وزە بە گرنگ زانی".
- گۆڕانی ئاووهەوا
تورکیا بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەماکانی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا و رێککەوتنی پاریس، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سعوودیە لە بواری گۆڕانی ئاووهەوا دەربڕی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەولەویەتەکانی خۆیان و بارودۆخی جیاوازی نیشتمانی، هەردوولا لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هاوکاری و رێگەگرتن لە دەردانی گازی ژەهراوی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا، هاوڕابوون".
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە بوارەکانی هەناردەکردن و هاوردەکردندا واژوو کراوە
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لایەنەکان جەختیان لە کاراکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کردەوە کە لە بوارەکانی هەناردەکردن و هاوردەکردن واژووکراوە، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی پیشەسازی و کانزادا کرایەوە.
هەروەها جەخت لەسەر بەهیزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتەکانی پیشەسازیی بەرهەمهێنان و پترۆکیمیایی، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگ، پیشەسازیی دەریایی و پیشەسازیی کانزا و خۆراک، کرایەوە.
لە راگەیەندراوەکە هاوبەشەکەدا ئاماژە بە کراوە کە لایەنەکان پێشوازییان لە فراوانکردنی بازنەی کەرتە تایبەتەکانی هەردوو وڵات کردووە و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هاوکاریی بەردەوام لە بوارەکانی ژینگە، ئاو، کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک.
هەروەها راگەیەندرا کە لایەنەکان خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارەکانی پەیوەندی، تەکنەلۆجیا، ئابووری و داهێنان دەربڕی.
- بوارەکانی بەرگری و ئەمنی
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی چالاککردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجستیکییە جۆراوجۆرەکان کردەوە و باسیان لە زیادکردنی ژمارەی گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لایەنەکان ئارەزووی خۆیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی بەرگری و پیشەسازیی سەربازیی و کاراکردنی ئەو رێککەوتنانەی لەو بوارانەدا واژووکراون بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بگەیەنێت و بەشداربێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و لە جیهاندا.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاریکارییی ئەمنی لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تاوانەکان.
جگە لەوەش، هەردوولا ویستی خۆیان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی بەتایبەتی لە بوارەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و دادگاییکردنی تاوانباران، دووپاتکردەوە.
- بوارەکانی گەشتیاریی و وەرزشیی
لە راگەیەندراوەکە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لایەنەکان خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ زیادکردنی هاوکارییەکانیان لە بواری گەشتیارییدا.
ئاماژە بەوەش کرا، لایەنەکان جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشی نێوانیان لە بواری وەرزشیی کردووە.
- ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەبوارەکانی زانست و پەروەردەدا
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە پێویستە پەرە بە هاوکارییەکان لە بوارەکانی زانست و پەروەردە لەنێوان هەردوو وڵات بدرێت و هانی زانکۆکان بدرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانیان.
راگەیەندرا کە هەردوولا هەلی ئەنجامدانی هاوکارییان لە بوارەکانی راگەیاندن و میدیادا تاوتوێ کرد.
- بواری تەندروستی
ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانجی هەردوولا لە بواری تەندروستییدا بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی بووە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان و ئەو مەترسی و هەڕەشانەی کە پەیوەستن بە پەتا جیهانییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا راگەیەندرا کە لایەنەکان خواستی خۆیان دەربڕیووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان لەبەردەم کەرتی تەندروستی لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات ئەنجامدانی هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ڤاکسین و دەرمان تاوتوێ کراوە.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوکاریی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و گرووپی G20دا کردووەتەوە. هاوکات جەخت لە هەماهەنگیی نێوان تورکیا و سعوودیە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان کرایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە واژووکردنی چەند رێککەوتننامەیەکی تایبەت بە هەماهەنگیکردن لە بوارەکانی راگەیاندن، وزە و سەربازیی.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە میانی کۆڕبەندی تورکی-سعوودیدا نۆ رێککەوتننامەی تایبەت بە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، بیناسازیی، پەروەردە، تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی، تەندروستی و راگەیاندن لە نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵاتدا واژوو کراوە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هەردوولا بەردەوامبوون و زیادکردنی هەهانگییەکانی نێوانیان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسیشی نێودەوڵەتی دووپات کردووەتەوە و هاتووە: "هەردوولا دەربارەی بابەتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. جارێکی دیکەش جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکانیان بۆ هەموو هەوڵێکی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان و بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا کردەوە".
- ئەو بێڕێزییانەی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز ئەنجام دەدرێن
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە "هەردوولا ئیدانەی ئەو بێڕێزییانەیان کرد کە بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز ئەنجام دەدرێن و جەختیان لە گرنگی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە هەرجۆرە رەفتارێکی ناشایستە بەرامبەر هەموو ئایین و شوێنە پیرۆزەکان کردەوە".
- قەیرانی یەمەن
دەربارەی قەیرانی یەمەنیش ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانەکە و ئاماژەشیان بە گرنگی پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد، ئەوەش هاتووە: "لایەنی تورکی، ستایشی رۆڵی سعوودیەی کرد لە هەوڵەکانی تایبەت بە هاندانی لایەنەکانی یەمەن بۆ دیالۆگ و رێککەوتن، ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو بەشەکانی یەمەن، هەروەها هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی کۆماری یەمەن دووپات کردەوە و ستایشی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشیان کرد بۆ بەهێزکردنی ئاگربەست. جەختیشیان لە گرنگی بەشداریکردنی ئەرێنیانەی حووسییەکان لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی یەمەن و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی کردەوە".
- پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە و ئێران
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لایەنی تورکی خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعوودیە خستووەتەڕوو و هاتووە: "لایەنی تورکی هیوای خواست ئەم هەنگاوە، بە لەبەرچاوگرتنی سەروەری دەوڵەتەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر، سوود بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بگەیەنێت. هەردوولاش جەختیان لە گرنگی پابەند بوونی ئێران بە لایەنی ئاشتییانەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی و هەماهەنگی شەفافانەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردەوە، هەروەها ئاماژەشیان بە گرنگی ئەو هەوڵانە کرد کە تایبەتن بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان".
- پرسی فەڵەستین
دەربارەی بەرەوپێشچوونەکانی پرسی فەڵەستینیش ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوولا ئیدانەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆسەر خاکە داگیرکراوەکان کردووە و هاتووە: "هەردوولا جەختیان لە چڕبوونەوەی هەوڵەکان بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ بۆ فەڵەستیننەیکان کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، کردەوە".
- چارەسەری قەیرانی سوودان
دەربارەی رەوشی سوودانیش هەردوولا گرنگی راگەیاندنی ئاگربەسێکی هەمیشەییان لە نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتە دووپات کردووە و هاتووە: "تورکیا و سعوودیە پشتیوانی خۆیان بۆ دیالۆگی سیاسیی تایبەت بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناکۆکییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سوودان، خستەڕوو، هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە چارەسەری قەیرانی سوودان تەنها بە رێزگرتن لە سەروەری ئەو وڵاتە و قۆناغێکی سیاسیی کە دامەزراوەکانی حکوومەت بپارێزێت، دێتەدی. هەردوو لا ئاماژەیان بە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانیکردنی سوودان و گرنگی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی سوودان کردەوە".
- جەنگی رووسیا-ئۆکراینا
سعوودیە و تورکیا لە بارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناش جەختیان لە گرنگی هەموو هەوڵەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنانی جەنگەکە بە رێگای دانوستان کردەوە و هاتووە: "هەردوو وڵاتی دۆست، ستایشی دەستپێشخەری و هاوکارییە مرۆییەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی ئازارەکانی قەیرانی ئۆکرانیایان کرد. لەم روانگەیەشەوە هەردوولا ئاماژەیان بە گرنگی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە کرد کە بووەتە پشتیوانێک بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهان و جێگیربوونی نرخی خۆراک".
لە کۆتایی سەردانەکەشدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد کە شای سعوودیە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و جێنشین محەمەد بن سەلمان لە شاندی تورکیایان کرد. لە بەرامبەریشدا جێنشینی سعوودیە هیوای بەختەوەریی و تەندروستی باشی بۆ ئەردۆغان و بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی تورکیا خواست.
news_share_descriptionsubscription_contact

