Hatice Şenses Kurukız
13 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ناچاریی گەیشتن بە ئامانجەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا، ئێستا لە ھەموو کات پێویستترە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاک پارتی لە تەکیرداغ کرد و تێدا وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان باسی لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە وڵاتەکەی کرد و گوتی: "لە ماوەی ١٨ ساڵی رابردوودا بە گوژمەی ٢٣ ملیار لیرە وەبەرھێنانمان لە پارێزگای تەکیرداغ ئەنجامداوە".
ئەردۆغان گوتی: "ھەموو سیناریۆیەکی خراپەکاری خراوەتەگەڕ، ھەر لەوانەوە کە چاویان بڕیوەتە خاکی وڵاتەکەمان تا دەگاتە ئەوانەی دەیانەوێت گەلەکەمان لەناوخۆدا بکەن بە دوژمنی یەکتری".
ئەردۆغان باسی لە زیادبوونی ئەندامانی پارتەکەی کرد و گوتی: "ھەزاران سوپاس (بۆ خوا) کە تا دێت گەلەکەمان زیاتر باوەش بۆ پارتەکەمان دەکەنەوە. گەیشتنی ئەندامانی پارتەکەمان بە ١١ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس نیشانەی ئەوەیە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "لە تورکیادا دوو جۆر تێگەیشتنی سیاسی ھەیە. یەکەمیان تێگەیشتنێکی مایەپووچە کە دژایەتی بنەماکانی گەل دەکات، بێھەڵوێستە لەبەرامبەر چاوەڕوانییەکانیان و تەنھا خەریکی درۆ و قسەی بێمانایە. گەورەترین نوێنەری ئەم شێوازەی سیاسەت لە تورکیا، جەھەپە-یە. تێگەیشتنی دووەمیش ئەوەیە کە لە خوالێخۆشبوو مەندەرەسەوە بۆ ئۆزال ماوەتەوە و ئەمڕۆش ئێمە نوێنەرایەتی دەکەین، تێڕوانینی خزمەت کردنی گەل و باجدان لەو پێناوەدایە".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان راشیگەیاند کە لە وڵاتەکەیاندا قۆناغێکی نوێی چاکسازی ئابووری و دادوەری دەستپێدەکەن.
ئەردۆغان باسی لە دابەزاندنی رێژەی ھەڵئاوسان لە تورکیا کرد و گوتی: "ئامانجی یەکەممان ئەوەیە بەخێرایی رێژەی ھەڵئاوسان بۆ ژمارەی یەک خانەیی داببەزێنین، دواتر بەرەو ئەو قۆناغانە سەر بکەوین کە لە پڕۆگرامی ماوە مامناوەند-دا دیاریمان کردووە".
ئەردۆغان گوتیشی: "سوپاس بۆ خوا لە قۆناغی نوێدا گۆڕانکاری ئەرێنی لە بازاڕدا دەبیندرێت. پشت بەخوا لەڕێی بنیاتنانی سیاسەتە ئابوورییەکانمان لەسەر ھەرسێ بنەمای سەقامگیری نرخ، سەقامگیری دارایی و ئابووری گەورە، دەگەینە ئامانجەکانمان".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی پێشخستنی ئابووری وڵاتەکەی گوتی: "دەست بە ھەڵمەتێکی دیکە دەکەین کە سەقامگیری، گەشەی ئابووری و دابینکردنی ھەلی کار بە بنەما دەگرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی وتارەکەیدا باسی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرتاسەری جیھان کرد و گوتی: "ھەست بەوە دەکەین کە نەخۆشی کۆڤید-١٩ تا ماوەیەکی دیکەش لەگەڵمان دەبێت. بە جۆرێک کە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان لەسەرتاسەری جیھان، ئەم راستییە تاڵەمان بە بیردەھێنێتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بەرھەمھێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاتر گوتیشی: "ئەو پێکوتەیەی کە بەرھەمدەھێنرێ پێویستە ببێتە سامانی ھاوبەشی گشت مرۆڤایەتی، نابێت بکرێتە قوربانی قاسەی کۆمپانیاکان".
ئەردۆغان لەبارەی بەرھەمھێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گوتی: "ئێمە وەک تورکیا لەبارەی بەرھەمھێنانی پێکوتە، کارەکانمان بە شێوەیەکی فرەلایەنە درێژەی ھەیە".